Accessibility links

توندوتیژییەکان لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ هەڕەشەن بۆ سەر هەوڵەکانی بنبڕکردنی ڤایرۆسی ئیبۆلا


کاربەدەستێکی باڵای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات هەوڵەکان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کوشندەی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بێئەنجام دەبێت هەتا ئەو کاتەی توندوتیژییەکان لە ناوچەکە کۆتاییان پێنەیات. بە پێی دواین ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ژمارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی ئیبۆلا گەیشتۆتە 2،284 حاڵەت کە 1،540 کەس لەوانە گیانیان لەدەست داوە و 637 کەسیش ڕزگاریان بووە.

جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ کاروباری فریاکەوتن، ئیبراهیما سوس فاڵ گوتی پێشوەچوونێکی باش بەدەی دەکرێت لە بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە پارێزگاکانی کیڤوی باکور و ئیتوری.

فاڵ بەم دواییانە لە گەشتێکی سێ مانگی بۆ بوتیمبۆ گەڕایەوە کە نێوەندی ڤایرۆسی ئیبۆلایە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ. ئەو گوتی لە هەفتەی ڕابوردوو تەنها 79 حاڵەت هەبووە کە بەبەراورد لەگەڵ هەفتەیەک پێش ئەوە 27 حاڵەت کەمی کردووە. ئەو گوتی کەم بوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە بوتیمبۆ و کاتوا بەدی دەکرێت.

لە هەمان کاتیشدا ناوبراو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئۆپەراسیۆنی بنبڕکردنی ڤایرۆسەکە لە ناوچە دوورەکانی مابالاکۆ و ماندیما دووچاری سەختییەکی زۆر بۆتەوە.

ئەو گوتی " دەستڕاگەیشتن بە خەڵکی گەورەترین ئاستەنگە. لە هەندێک ناوچەدا ژمارەیەک گوندی تێدایە کە هێزەکانی هاوپەیمانی دیموکراسی ADF کە لە ئۆگانداوە هاتوون و گروپەکانی مای مایشی تێدایە، جا ئەمەش ئەرکەکان سەخت دەکات لە بارێکی توندوتیژدا."

شایانی باسە ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە ساڵی 1998 وە لە ڕووی سیاسییەوە ناسەقامگیرە. نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس بەهۆی توندوتیژییەکان لە ناو وڵاتەکەدا ئاوارە بوون. ئاژانسی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵیت زۆربەی ئاوارەکان هی پارێزگاکانی ئیتوری و کیڤوی باکور و باشورن. زیاتر لە 100 گروپی جیاوازی چەکدار لەو ناوچەیە شەڕ دەکەن.

فاڵ دەڵێت بە بەردەوامی پێویستە وتووێژ بکرێت لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بۆ گەیشتن بە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە.

ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەشڵێت " ئەو ڤایرۆسە لە ساڵی ڕابوردوو بڵاوبۆوەو زۆر بە خێرایی تەشەنەی سەند، بۆیە گرنگە دەستبەجێ ڤایرۆسەکە لە شوێنەکانی وەکو مابالاکۆ و ماندیما کۆنترۆڵ بکرێت کە زیاتر لە سەدا 55 ی حاڵەتەکان لەوێوە ڕادەگەیەندرێن."

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندبوو دەستبەجێ 98 ملیۆن دۆلاری پێویستە بۆ شکستپێدانی ڤایرۆسەکە و بە پێی زانیارییەکان تەنها کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە پارەیە هەتا ئێسا دابین کراوە.

XS
SM
MD
LG