Accessibility links

هاوکاتی دەستپێکردنەوەی وتووێژی ئاشتی لە قەتەر، بەهۆی چەند هێرشێکی تالیبان دەیان کەس لە هێزەکانی ئەفغانی دەکوژرێن


بەهۆی هێرشێکی تالیبان لە ئەفغانستان بۆ سەر هێزەکانی حکومەت دەیان کەس کوژراون، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو گروپە یاخیبووە خولێکی نوێی وتووێژی ئاشتی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە قەتەر دەستپێکرد بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر شەڕی ئەفغانستان.

کاربەدەستان لە باکوری پارێزگای باغلان ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند گروپێکی گەورەی چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر چەندین بنکەی ئاسایش لە ناوچەی نەهرین و بوو بەهۆی شەڕێکی چەند کاتژمێری.

بەرپرسی ناوچەکە فەزڵەدین ماردی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لەو هێرشەدا 26 کەس لە هێزەکانی سەر بە حکومەتی دژە تالیبان کوژراون و هەشت کەسیش بریندار بوون. ئەو ڕایگەیاند یاخیبووەکانیش زیانێکی زۆریان لێکەوتووە بەڵام زانیاری زیاتری نەدا.

گوتەبێژی تالیبان زەبیحوڵا موجاهد ڕایگەیاند زیانەکانی هێزەکانی حکومەت زۆر لەوە زیاتر بووە و گوتیشی چەند سەرکردەیەکی باڵاش لە نێو کوژراوەکاندا بوون.

تالیبان هەر سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە هێرشێکیشیان کردە سەر بنکەی پۆلیس لە باشوری پارێزگای قەندەهار. کاربەدەستێکی ئاسایش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هێرشەکەی یاخیبوان بۆ سەر ناوچەی تەختا پول لە نزیک فڕۆکەخانەی پایتەختی پارێزگاکە بۆتە هۆی کوژرانی 16 پۆلیس و بریندار کردنی 4 کەسی تر.

بەڵام تالیبان لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت لەو هێرشەدا 20 پۆلیس کوژراون، هەرچەندە زۆربەی جار گوتەبێژی تالیبان زیادەڕەوی لە ئامارەکانی ئەو جۆرە هێرشانەدا دەکەن.

لە لایەکی ترەوە پارێزگاری قەندەهار حەیاتوڵا حەیات لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند هێزەکانی ئەفغانی 40 ئەندامی تالیبانیان لە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا لە شاری قەندەهار دەستگیر کردووە. ئەو گوتیشی ژمارەیەکی زۆر لەوانە مەشقو ڕاهێنانی تەواویان پێکراوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی گەریلایی لە ناوچە دووردەستەکان.

توندوتیژییە کوشندەکانی ڕۆژی شەممە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی 7 هەمین خولی وتووێژی ئاشتی لە نێوان تالیبان و ئەمەریکا بە ڕێبەرایەتی دیپلۆماتی ئەمەریکای زاڵمای خەلیلزاد کە خۆی لە ئەفغانستان لە دایک بووە.

.

XS
SM
MD
LG