Accessibility links

کۆبونەوەی سەرۆک ترامپ و شازادە بن سەلمانی عەرەبستانی سعودیە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ستایشی شازادە محەمەد بن سەلمانی عەرەبستانی سعودیەی کرد لە کاتێکدا هەردووکیان لە پەراوێزی کۆبونەوەی گروپی 20 لە ژاپۆن کۆبونەوە. ترامپ محەمەد بن سەلمانی بە دۆستێکی خۆی ناودێر کرد و گوتی کاری زۆر چاکی کردووە.

ڕۆژی شەممە سەرۆک ترامپ گوتی سوپاسی عەرەبستانی سعودیە دەکات بۆ کڕینی چەکی ئەمەریکا و گوتیشی شازادە کاری کردووە بۆ کرانەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ چاکسازی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا.

سەرۆکی ئەمەریکا ئامادە نەبوو وەڵامی ئەو پرسیارەی میدیا بداتەوە کە ئایە باسی بابەتی کوشتنەکەی ڕۆژنامەوان جەمال خاشوقچی دەکات یان نا. شازادە بن سەلمان ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆری نێونەتەوەیی بۆتەوە لەو کاتەوەی لە ساڵی ڕابوردوو خاشوقچی لە ناو باڵیۆزخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ کوژرا.

پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە نانی بەیانیان پێکەوە خوارد، کۆشکی سپی ڕایگەیاند هەردوو ڕێبەر کۆبونەوەیەکی بەبەرهەمیان ئەنجامدا، تیایدا باسیان لە زیاد بوونی هەڕەشەکانی ئێران، پێویستی مسۆگەرکردنی سەقامگیری بازاری نەوتی جیهانی و گرنگی بابەتەکانی مافی مرۆڤیان کردووە.

XS
SM
MD
LG