Accessibility links

هەزاران کەس بەهۆی لافاوێکی زۆرەوە لە باشوری ڕۆژئاوای لیبیا ئاوارە دەبن


ئاژانسی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لافاوێکی زۆر تەواوی گەڕەکەکانی شاری غاتی باشوری ڕۆژئاوای لیبیای وێران کردووە و فشاری بردووە بۆ هەزاران کەس ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن.

ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند بەهۆی ئەو لافاوەوە 2500 کەس لە ماڵەکانی خۆیان هەڵاتوون. دەڵێت بەهۆی ئەو بارانە توندەی نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر دەستیپێکرد چوار کەس لە شارۆچکەی غات گیانیان لەدەستداوە لە ناویاندا سێ منداڵیش و زیاتر لە 30 کەسیش برینداربوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە بۆتە هۆی زیانێکی زۆری ماڵی، داخستنی ڕێگا سەرەکییەکان و بڕینی تۆڕەکانی پەیوەندی کردن.

چارلس یاکسلی گوتەبێژی UNHCR دەڵێت " هەر 20 هەزار دانیشتوانەکەی غات لە ئێستادا پێویستیان بە پشتیوانی مرۆیی هەیە. پەناهگا، خواردن و کەرەستەی ئاسایی ژیان دەستبەجێ پێویستە بۆ ئەو خەڵکە. زۆربەی خەڵکەکان چوونەتە ماڵی خزموکەسوکاریان و ژمارەیەکیشیان لە نێو خوێندنگاکان و باڵەخانە گشتییەکانی تردا دەژین."

یاکسلی دەڵێت UNHCR هەوڵ دەدات چی زووترە کەرەستەی پێویستی وەکو چادر، پێخەف و ئاوی خواردنەوەو خۆراک بگەیەنێت بە نزیکەی 400 خێزانی ئاوارە. بە پێی ڕاپۆرتان ڕێکخراوی مانگی سوری لیبایی دەستیان کردووە بە هەوڵەکانی گەڕان بە دوای هەر کەسێک کە لە شوێنی لافاوەکە گیری خواردبێت.

شارۆچکەی غات دەکەوێتە نزیک سنوری جەزایر و بە دووری 1،300 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای ترابلوسی پایتەختی لیبیاوە.

XS
SM
MD
LG