Accessibility links

عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتەکەی فریدەم هاوسدا


ڕێکخراوی فریدەم هاوسی بنکە لە ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا ئاماژە بە کەمبوونەوەی ئازادییەکان بە گشتی و ئازادی ڕاگەیاندن بە تایبەتی لە سەرانسەری جیهاندا دەکات.

لەو ڕاپۆرتەیدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاو کرایەوە سەبارەت بە عێراق دەڵێت " عێراق هەڵبژاردنی ئاسایی ئەنجامدا بە بەشداری ژمارەیەکی زۆری لایەنەکان. لە ئەنجامدا چەندین لایەنی جیاوازی سیاسی و ئاینی و نژادی نوێنەرایەتییان لە سیستمی سیاسی وڵاتەکەدا مسۆگەرکرد. هەرچەندە ڕێگری دەکرێت لە بەڕێوەبەرنی دیموکراسیانە بەهۆی گەندەڵی و هەڕەشەی ئاسایشی."

فریدەم هاوس دەڵێت بە شێوەیەکی گشتی لە یاسای عێڕاقیدا ڕێز لە مافی ئازادی سڤیل دەگیرێت بەڵام دەوڵەت توانایەکی سنورداری هەیە بۆ ڕێگری کردن و سزادانی ئەوانەی سەرپێچی دەکەن.

ڕاپۆرتەکە باس لە بەشێک لە ڕووداوە سەرەکییەکانی ساڵی 2018 دەکات لە عێراق و دەڵێت " بونیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعشدا بوون بە درێژایی ساڵەکە بەردوام بوو، هەرچەندە نزیکەی 2 ملیۆن عێراقی هەتا کۆتایی ساڵی 2018ش لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون و هەڕەشەی تیرۆرسمیش هەر بەردەوامە."

ڕاپۆرتەکە باس لە هەرڵبژاردنەکانی مانگی پێنجی عێڕاق دەکات و دەڵێت بە هەڵبژاردنێکی متمانە پێکراو لێی دەڕوانرێت و بوو بە هۆی گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیکی ئاشتیانە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات گوایە ساختەکاری و سەرپێچیکردن لە سیستەمی نوێی هەڵبژاردندا وای کرد دەنگەکان بژمێردرێنەوە بەڵام جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو. فریدەم هاوس دەڵێت " بەهۆی ڕێکنەکەوتنی سیاسیەوە پێکهێنانی حکومەتی بە ڕێبەرایەتی عادل عەبدولمەهدی دوواکەوت."

پاشان ئاماژە بە خۆپیشاندانەکانی بەسەرە دەکات و دەڵێت " لە مانگی 7 دا خۆپیشاندان لە بەسەرە بۆ ناڕەزایی بەرامبەر گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و کێشەکانی تری پارێزگاکە ئەنجام درا. هێزەکانی ئاسایش بە گازی فرمێسکڕژێن و گوللەی ڕاستەقینە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، زیاتر لە 12 کەس کوژران و ژمارەیەکی زۆریش دەستگیر کران."

ڕاپۆرتەکە دەڵێت هیچ ڕۆژنامەوانێک بەهۆی ئەنجامدانی کارەکەی لە ساڵی 2018 لە عێراق نەکوژراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2017 هەشت ڕۆژنامەوان کوژرابوون. بەڵام لە مانگی 7 لە میانەی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی بەسڕە بەلایەنی کەم هێرش کرایە سەر 4 ڕۆژنامەوان. هاوکات ئەو ڕۆژنامەوانانەش کە کاریان لەسەر دۆسێکانی پەیوەست بە گەندەڵی کردووە ڕووبەڕووی هەراسانکردن و دەستگیرکردن بوونەتەوە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانی عێڕاقیش ڕاپۆرتەکە دەڵێت " دامەزراوە دیموکراتیەکان بێ توانان بۆ ڕێگری کردن لە هەژموونی ئەوانەی بۆ ماوەیەکی درێژە دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتۆتە دەست."

ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە مانگی نۆدا "حزبەکەی سەرۆک وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی بەدەستهێنا وێڕای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەستی بە مەترسی دەکرد دوابەدوای ڕیفراندۆمە مشتومڕلەسەرەکەی ساڵی 2017 بۆ سەربەخۆیی کە بوو بە مایەی ناکۆکی لەگەڵ بەغدا و لەدەستدانی ڕووبەرێکی گەورە لە خاکەکەی هەرێمی کوردستان. هەڵبژاردنەکانی مانگی 9 لەکەدار کرا بەهۆی دەنگۆی بەربڵاوی فێڵ و تەڵەکەکردن."

سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژنامەوانان ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە میانەی خۆپیشاندانەکانی مانگی 3 دا هێرش کرایە سەر 7 ڕۆژنامەوان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە و دوو ڕۆژنامەوانیش دەستگیر کران لە میانەی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکاندا.

هەروەها دەشڵێت لە مانگی 3 و لە میانەی خۆپیشاندانەکان" توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران کراوە بە لێدان و دەستگیر کردنیان."

فریدەم هاوس ڕێکخراوێکی ناحکومییە و بنکە سەرەکی لە واشنتی پایتەختی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. ئەم ڕێکخراوە ساڵانە ڕاپۆرت لەسەر ڕەوشی ئازادی و دیموکراسی لە جیهاندا بڵاو دەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG