پۆلیس لە ولایەتی ڤێرجینیای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت کارمەندێکی توڕەی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا 12 کەسی لە باڵەخانەی شارەوانی ڤێرجینیا بیچ کوشتووە بەرلەوەی لەلایەن پۆلیسەوە بکوژرێت.
بەرپرسی پۆلیسی شارەکە، جەیمس سێرڤێرا، گوتی هێرشبەرەکە پاش ئەوەی دوای کاتژمێر 4 ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی چۆتە ناو باڵەخانەی شارەوانی دەستیکرد بە تەقەکردن لە قوربانییەکان بەبێ فەرق و جیاوازی کردن.
ئەو بەرپرسە گوتیشی شەش کەسی تریش بریندار بوون.
سێرڤێرا ئەو چەکدارەی بە کارمەندێکی توڕەی لەمێژینەی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبای شارەکە لەقەڵەمدا بەڵام باسی لەوە نەکرد چ شتێک بووە بە هۆکاری هێرشەکە.
سێرڤێرا گوتی ئەوان دەزانن گومانبارەکە کێیە بەڵام جارێ ئامادەنین بۆ ئاشکرا کردنی ناوەکەی.