Accessibility links

وتووێژەکانی نێوان ئەمەریکا و تالیبان بەرەوپێش دەچن


ڕۆژی شەممە تالیبانی ئەفغانستان ڕایگەیاند جیاوازییەکان خەریکن کەم دەبنەوە لە وتووێژەکانیان لەگەڵ شاندی تایبەتی ئاشتی واشنتن سەبارەت بە دانانی کاتێکی دیاریکراو بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان. هەردوولا بەردەوامن لە کۆبونەوەکانیان لە قەتەر، کە ئەو بزوتنەوە جودابیرە ئۆفیسی سیاسی لەوێ کردۆتەوە.

لە پەیامێکی دەنگیدا بۆ ئاژانسۆ ئەسۆشیەیتد گوتەبێژی تالیبان لە دۆحا، سوهەیل شاهین دەڵێت هەردوولا پێشنیازی نوێیان خستۆتە ڕوو بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ. ئەمە هەنگاوێکی بەرایی بەرچاوە لە ڕێککەوتنەکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نزیکەی 18 ساڵەی ئەفغانسان و درێژدەمترین شەڕی لەشکری ئەمەریکا.

شاهین لە پەیامەدەنگییەکەیدا کە بە زمانی ئینگلیزی تۆماری کردووە دەشڵێت " پێشنیارەکان بریتین لە کەمکردنەوەی بۆشاییەکانی نێوان هەردوولا، بەڵام هێشتا وتووێژی زیاتر پێویستە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی."

کاربەدەستێکی تری تالیبان کە ئاگاداری وتووێژەکانە پێشتر بە هەمان ئاژانسی گوت ئەمەریکا هەوڵ دەدات لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا نزیکەی 14 هەزار سەربازەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە، لە کاتێکدا تالیبان دەیەوێت لە ماوەی شەش مانگدا جێبەجێ بکرێت. ئەو کاربەدەستە بە مەرجێک ئەم زانیاریانەی داوە کە ناوی ئاشکرا نەکرێت.

بەڵام هەتا ئێستا دیار نییە کە پێشنیازە نوێیەکان بریتین لە چی.

وتووێژی نێوان ئەمەریکا و تالیبان ساڵی ڕابوردوو بە سەرپەرشتی زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری ئاشتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان دەستی پێکرد. لە وتووێژەکاندا تیشک خراوەتە سەر کاتی دیاریکراوی ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان و لەگەڵ ئەوەدا گرەنتی تالیبان بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ئەفغانستان بەکاربهێنێت بۆ هێرشەکانیان.

XS
SM
MD
LG