Accessibility links

عومەر ئەلبەشیر لەلایەن لەشکری سودانەوە لە پۆستەکەی لادەبرێت


سەرۆکی سودان عومەر ئەلبەشیر لەلایەن لەشکرەوە لەسەر دەسەڵات لابرا چەند مانگێک پاش خۆپیشاندان دژی دەسەڵاتی ستەمکاری سی ساڵەی.

لە بەیاننامەیەکی تەلەفیزیۆنی ڕۆژی پێنجشەممەدا وەزیری بەرگری سودان، عەوز محەمەد ئەحمەد بن عوف، ڕایگەیاند ئەلبەشیر دەستگیر کراوەو لە شوێنێکی پارێزراودایە.

ئەو گوتی لەشکر باری نائاسایی ڕاگەیاند و ئەنجومەنێکی دامەزراندووە بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت بۆ ماوەی دوو ساڵ. ئەو گوتیشی هەمو حکومەتە خۆجەهییەکانیش هەڵوەشێندراونەتەوە.

پێشتر سەرچاوەیەک لە لەشکری سودان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، عومەر ئەلبەشیری تەمەن 75 ساڵان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە. سەرچاوەکە ڕایگەیاند ڕێبەرانی لەشکری و سیاسی لە وتووێژدان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتیی.

هەر لە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە سەدان هەزار کەس ڕۆژی پێنجشەممە ڕژانە شەقامەکانی خەرتووم بۆ خۆشحاڵی دەربڕین بەرامبەر لەکارخستنی سەرۆکەکەیان. خەڵکی دروشمی دژە بەشیر دەڵێنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی و زانیاری سودان کە ئاژانسێکی دەسەڵاتداری وڵاتەکەیە ڕایگەیاندووە هەمو زیندانیانی سیاسی لەسەرانسەری وڵات ئازاد دەکرێن.

XS
SM
MD
LG