Accessibility links

لەگەڵ ئەوەی کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا، پەرلەمانی بەریتانیا بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەداوە


دانوساندکاری یەکێتی ئەوروپا مشێڵ بارنیێر ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بەریتانیا هەتادێت نزیکتر دەبێتەوە لە دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا بەبێ هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر دەرچوونەکەی.

لە میانەی قسەکانیدا لە بروکسڵ بارنیێر گوتیشی هێشتا هیوای ئەوە ماوە ڕێگە لە دەرچوونی بەریتانیا بەبێ ڕێککەوتن لە یەکێتی ئەوروپا بگیرێت. بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد بژارەکانی بەریتانیا سنووردارن، تەنها هەنگاوی گونجاو ئەوەیە کە پەرلەمانی بەریتانیا ئەو ڕێککەوتنە پەسەند بکات کە دانوساندکارانی سەرۆک وەزیر تەریسا مەی پاش دوو ساڵی وتووێژکردن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەسەری ڕێککەوتن.

هەتا ئێستا یاسادانەرانی بەریتانیا سێ جار ئەو ڕێککەوتنەیان ڕەتکردۆتەوە. چاوەڕوان دەکرێت مەی بۆ جاری چوارهەم داوای دەنگدان لەسەری بکاتەوە.

سەرۆک وەزیری مەی ڕۆژی سێشەممە چەندین کاتژمێر بەسەر دەبات بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی کابینەت لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

دەبوایە بەریتانیا هەتا 29 ی مانگی 3 لە یەکێتییەکە دەرچووبا، بەڵام مەی توانی ڕەزامەندی یەکێتی ئەوروپا بەدەستبهێنێت بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە تا حکومەتەکەی بتوانێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە کە پەرلەمان پەسەندی بکات.

لە ئێستادا یەکێتی ئەوروپا هەتا 12 ی مانگی 4 ی داوە بە بەریتانیا. بارنیێر دەڵێت ئەگەر هەتا ئەو کاتەش ڕێبەرانی بەریتانیا نەگەن بە ڕێککەوتنێک ئەوا تەنها بژارە لەو کاتەدا دەرچوونە بەبێ هیچ ڕێککەوتنێک یان هەوڵ بدرێت وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورپا قائیل بکرێت تا ماوەیەکی درێژتریان پێبدەن.

XS
SM
MD
LG