Accessibility links

تالیبان ناوچەیەکی سەرەکی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان کۆنترۆڵ دەکات


تالیبان دەستی گرتووە بەسەر ناوچەیەکی گرنگی ستراتیژی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان کە زیانی زیاتر دەگەیەنێت بە هێزەکانی حکومەت لە ناوچەکانی تری وڵاتەکەدا.

شەڕو پێکدادان لە زۆربەی پارێزگاکانی ئەفغانستان زیادی کردووە هاوکاتی دەستپێکردنی وەرزی بەهار و هەوڵەکان بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا بۆ دۆزینەوەی ڕێککەوتنێک بە ڕێگای دیالۆگ لەگەڵ تالیبان تا کۆتایی بە شەڕی هەژدە ساڵەی ئەفغانستان بهێنن.

کاربەدەستان ڕۆژی شەممە ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانی شەوی ڕابوردوو لە ناوچەی ئەرغانی خوای ناوەندی پارێزگای باداخشان کشاونەتەوە پاش شەڕو پێکدادانێکی سەخت لەگەڵ هێرشبەرانی تالیبان.

گوتەبێژێکی حکومەت لە پارێزگاکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بەلایەنی کەم 4 پۆلیس لەو شەڕەدا کوژراون. ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا تاهیرە ئەلمەعیار گوتیشی بەهۆی شەڕەکەی شەوی هەینی دەیان کەس لە هێزەکانی ئەفغانیش کوژراون. ئەو گوتیشی یاخیبوانی تالیبان بەلایەنی کەم 5 کەسیشیان لە هێزە ئاسایشییەکان دەستگیر کردووە.

لەلایەکی ترەوە کاربەدەستان لە پارێزگای زابول لە باشووری وڵاتەکە پشتڕاستیان کردەوە کە بەلایەنی کەم 8 پۆلیس سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە لە بنکەیەکی ئاسایش لە ناوچەی شەهرێ سەفا کوژراون لە کاتێکدا یەكێک لە هاوکارەکانیان کە گومان دەکرێت پەیوەندی بە تالیبانەوە هەبوبێت ڕووی چەکەکەی لێیان کرد.

کاربەدەستێکی باڵای ئاسایش لە باداخشان بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە هەشت ئەفغانی تریش بێسەروشوێنن. لە کاتێکدا بەرپرسی پۆلیسی ناوچەکەش ڕووداوەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە.



XS
SM
MD
LG