Accessibility links

گومانباری سەرەکی هێرشەکەی نیوزیلاند دەچێتە بەردەم دادگا


گومانباری سەرەکی هێرشەکەی شاری کریستچەرچی نیوزیلاند، کە بوو بەهۆی کوشتنی 49 کەس لە دوو مزگەوتدا، ڕۆژی شەممە برا بۆ دادگا.

برنتن تارانتی تەمەن 28 ساڵانی کە هاووڵاتی ئوسترالیە و خۆی بە نەتەوە پەرستی سپی پێست دەزانێت، لەلایەن دوو پاسەوانەوە برا بۆ دادگایەکی شارەکەو لەوێ دادوەر جۆرێک تاوانی کوشتی ڕاگەیاند.

پاش ئەوەی لە دادگا دەرچوو، دادوەر گوتی لە کاتێکدا یەک جۆر تاوانی کوشتن لەم کاتەدا دراوە ڕەنگە جۆری تاوانی تریش بدرێت.

دوو گومانباری تریش دەستگیر کراون. پۆلیس هەوڵ دەدات بزانێت تا چ ئاستێک ئەمانە دەستیان هەبووە لە هێرشەکەدا.

سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرۆک وەزیری نیوزیلاند جەسیندا ئاردرین ڕایگەیاند هێرشەکەی بکوژەکە ڕاگیرا کاتێک دەستگیرکرا ئەگەینا مەبەستی بوو هێرشەکەی بەردەوام بێت.

سەرۆک وەزیری وڵاتەکە هێرشەکەی بە " توندوتیژییەکی بێئەندازە" ناودێر کرد و بەڵێنی دا یاساکانی چەک گۆڕانکاری تێدا بکرێت.

ئەو گوتی هێرشبەرەکە پێنج چەکی پێبووە، دووانیان نیمچە ئۆتۆماتیک بوون و هەمو چەکەکانیشی بە شێوەیەکی یاسایی بەدەستهێناوە.

ئەو گوتیشی نە هیچ کام لە گومانبارەکان و نە کەسەکانی کە پەیوەندییەیان پێوە هەبوون لە لیستی چاودێری نیوزیلاند و ئوستورالیادا نەبوون.

سەرۆک وەزیری ئوسترالیا سکات مۆریسن هێرشەبەرەکەی بە " توندڕەوێکی تیرۆرستی توندوتیژی ڕاستڕەو" لەقەڵەم دا.

هێرشەکە لە میانەی نوێژی هەینی ڕوویدا کاتێکدا مزگەوتەکان سەدان کەسێ تێدا بوو. کاربەدەستان دەڵێن 41 کەس لە مزگەوتی ئەلنوور و حەوت کەسیش لە مزگەوتی لینوود کوژراون کە نزیکەی 10 خولەک بە ئۆتۆمبێل دوورن لەیەکەوە. کوژراو و بریندارەکان منداڵیشی تێدان.

XS
SM
MD
LG