Accessibility links

فشارەکان بۆ سەر نیکۆلاس مادۆرۆ بەردەوامە


پشتیوانانی ئۆپزسیۆن لە ڤەنزوێلا ڕۆژی شەممە ڕێپێوانیان لە سەرانسەری وڵاتەکە ئەنجام دا بۆ نیشاندانی پشتیوانی کردن لە خوان گوایدۆی کە خۆی بە سەرۆک ڕاگەیاندووە و دژ بە ڕێبەری لە پەراوێزنراو نیکۆلاس مادۆرۆ.

ئەم هەوڵانە بە مەبەستی زیاد کردنی فشارەکانە پاش ئەوەی واشنتۆن بە فەرمی دانی بە خوان گوایدۆدا نا وەکو سەرۆکێکی ڕەوا.

ڕەخنەگرانی مادۆڕۆش هیوادارن هەنگاوێکی هاوشێوە لە لایەن ئەوروپاشەوە بنرێت. چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپاش لە هەفتەی داهاتوودا بە فەرمی دان بە گوایدۆدا بنێن لە کاتێکدا هەندێکی تریان زۆر بە وریاییەوە هەڵوێستەکانیان دەردەبڕن بۆ پشتیوانی کرد لێی.

گوایدۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تویتەر پۆستی کردبوو ڕایگەیاند " ڤەنزوێلا سبەینێ لە شەقامەکان دەتانبینین، ئێمە باشین و ئێوەش زۆر باشن".

هەر لە ڕۆژی شەممە مادۆرۆ یادی 20هەم ساڵی یەکەم ڕۆژی سەرۆکایەتی سەرۆکی کۆچکردووی سۆشیالست هۆگۆ شاوێز دەکاتەوە کە لە ساڵی 1999 بوو.

پەرلەمانتارانی ئەوروپایی ڕۆژی پـێنجشەممە بە دەنگی 439 بەرامبەر 104 و دەنگ‌نەدانی 88 پەرلەمانتار، پـرۆژە بڕیارێکیان پەسەندکرد کە تیایدا هاتووە خوان گوایدۆ سەرۆکی شەرعی کۆماری ڤەنزوێلای بۆلیڤاریـیە بە وەکالەت و پـشتیوانی تەواو لە بەرنامەکەی دەکەن بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی ڕاستەقینە لە وڵاتەکەیدا.

پەرلەمانتاران کە لە دانشتنێکی گشتیدا لە برۆکسل ئەم بڕیارەیان پەسەندکرد، داواشیان لە فێدریکا مۆغێرنی بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کرد یەک هەڵوێستیان هەبێت و دان بە خوان گوایدۆ بنێن.

هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە خوان گوایدۆ وەک سەرۆکی ڤەنزوێلا دانی پیادادەنێن هەتا ئەو کاتەی هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی نوێ دەکرێت لە دۆخێکی ئازادانە و بێ فرتوفێڵ بە ئامانجی گەڕاندنەوەی دیموکراسی بۆ وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG