Accessibility links

لێندسی گراهام: پەیوەندی ئەمەریکا و سعودیە بەرەوپێش ناچێت تا کێشەی محەمەد بن سەلمان یەکلا نەبێتەوە


سیناتۆری بەناوبانگی کۆماری لیندسی گراهام ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عەرەبستانی سعودیە بەرەوپێش ناچێت تا کێشەی شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان یەکلا نەبێتەوە، بەبێ ئەوەی لەم بارەیەوە زیانیاری زیاتر بدات.

گراهام ئەم قسانەی لە ئانکەرە کرد ڕۆژێک پاش کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. ئەو گوتیشی کۆنگریس جارێکی تر سزاکان دووپات دەکاتەوە لەسەر ئەو کەسانەی کە دەستیان هەبووە لە کوشتنی ڕۆژنامەوان جەمال خاشقچی.

خاشقچی ڕۆژنامەوانێکی بەناوبانگی سعودی و دانیشتوی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو کە وتاری بیروڕای لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا بڵاو دەکردەوە. ئەو لە مانگی 10 لە ناو کۆنسۆڵخانەی عەرەبستانی سعودیە لە ئەستەنبوڵ کوژرا.

لە سەرەتاوە ڕیاز نکوڵی کرد لە پەیوەندی بە کوشتنەکەوە بەڵام بە چەندین شێوەی جیاجیا باسی کوشتنەکەی کرد.

کاربەدەستانی سعودی دەڵێن شازادەی جێنشین هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو کوشتنە نییە. ساڵی ڕابوردوو عەرەبستانی سعودیە ڕایگەیاند 21 سعودی لە پەیوەندی بە دۆسێی خاشقچییەوە دەستگیر کراون 11 لەوانە دراون بە دادگا.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مانگی 11 سزای دارایی خستە سەر 11 کاربەدەستی سعودی بەهۆی پەیوەندییان بە کوشتنەکەی خاشقچییەوە.

لە مانگی 12 سیناتی ئەمەریکا بڕیارێکی پەسەند کرد بۆ کۆتایی هێنان بە پشتیوانی لەشکری بۆ هاوپەیمانی بەڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە لە یەمەن و یاسادانەران پەیمانیان دا لە ساڵی نوێدا هەوڵی سزادانی شانشینەکە دەدەن.

XS
SM
MD
LG