Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەگاتە سعودیە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ و وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ و وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ لەمیانەی گەشتە هەشت ڕۆژییەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە سعودیە، کە تیایدا پێشبینی دەکرێت داوا لە شازادەی جێگرەوەی سعودیە بکات لێپێچینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکات کە بەرپرس بوون لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچیدا.

ئەمە دووەمین سەردانی بەرپرسانی ئەمەریکایە بۆ سعودیە لە دوای کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە دەڵێت لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر، مایک پەمپیۆ جەختی لەوە کردەوە پێویستە سعودیە بەردەوام بێت لە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە کوژرانی خاشقچی، ئەمەش لەپێناو سزادانی هەموو ئەو کەسانەی کە بەرپرسبوون لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسەکەدا.

پەمپیۆ لە قەتەڕ پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت بۆسعودیە وتی " بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ شازادەی جێگرەوەی سعودیە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوەکو دڵنیابینەوە لەوەی ئەو کەسانەی بەرپرس بوون لە کوشتنی خاشقچی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."

پەمپیۆ وتیشی " واشنتن دەوێت جەخت لەوە بکاتەوە کە هەموو بەڵگەکانیان لایە سەبارەت بە کوژرانی خاشقچی. واشنتن دەیەوێت دڵنیابێتەوە لە سزادانی تاوانبارەکان، لەلایەن سعودیە و لەلایەن ئەمەریکاشەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG