Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا متمانەی بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیادا هەیە بۆ پاراستنی کورد


سەرەڕای بۆچوونی پێچەوانەی تورکیا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپەیۆ ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند متمانەی بەوە هەیە ئەمەریکا و تورکیا بتوانن ڕێکبکەون لەسەر چۆنیەتی پاراستنی کوردە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە سوریا پاش کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە وڵاتەکە.

پاش وتووێژەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو، پەمپەیۆ گوتی کارکردن لەسەر ڕێککەوتنێک لە ئارادایە بەڵام بەشێوەیەک دەبێت کە تورکیا ڕێگەی پێبدرێت وڵاتەکەی خۆی بپارێزێت لە کاتێکدا عیڵاقەی نەبێت بەو کوردانەوە کە هەڕەشە نین بۆ سەری.

ئەو گەورە دیپلۆماتەی ئەمەریکا ئەوەشی گوت " گەشبینە" بەرامبەر بەوەی ئەو کوردانەی شانبەشانی ئەمەریکا شەڕی دژ بە داعشیان لە سوریا کرد هەڕەشەکانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نایانگرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی لەشکری دژ بە وتەکانی ئەو " کوردە تیرۆرستەکان".

پەمپەیۆ بە پەیانێرانی ڕاگەیاند " ئێمە دان بە مافەکانی گەلی تورکیادا دەنێین بۆ بەرگری کردن لە وڵاتەکەیان لە تیرۆرستان و ئێمە ئەوەش دەزانین ئەوانەی کە تیرۆرست نین و شانبەشانی ئێمە شەڕیان دەکرد شایستەی پاراستنن و ئێمە دڵنیاین دەتوانین بگەین بە درەنجامێک کە هەردووکی تێدابێت: پاراستنی تورکیا لە هەڕەشەی تیرۆرستی و پاراستنی ئەوانەش کە هەڕەشەی تیرۆر ناخەنە سەر تورکیا."

پەمپەیۆ گوتی کاتێک لە ئەبو زەبییەوە بە تەلەفۆن لەگەڵ چاوشئۆغڵو قسەی کرد زۆر بە وردی باسی لەم بابەتانە کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هیچ زانیارییەکی زیاتری نەدا بەڵام گوتی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و هاوپەیمانی دژە داعش جیم جێفری لە سەرەتای هەفتەی ڕابوردوو سەردانی باکوری سوریای کرد بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە و دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا و بەردەوام دەبێت لەسەر وتووێژەکانی.

XS
SM
MD
LG