Accessibility links

سەرۆک ترامپ سەبارەت بە سنووری باشووری وڵات و داخستنی بەشێک لە حکومەت وتارێكی پێشکەش کرد


سەرۆک دانۆڵد ترامپ شەوی سێشەممە لە کۆشکی سپی وتارێکی لە سەر پێویستی دابینکردنی پارە بۆ درووستکردنی دیوار لە سەر سنوورەکانی باشووری وڵات و داخستنی بەشێک لە حکومەتی فیدراڵی پێشکەش کرد و ئەمەش بەشێکە لە دەقی وتارەکەی:

"هاووڵاتیە ئەمەریکیەکانم،

ئەمشەو، من قسەتان لەگەڵ دەکەم لە بەر ئەوەی قەیرانی مرۆیی و ئاسایشی لە سەر سنووری باشوور لە بەرزبوونەوە دایە. هەموو ڕۆژێک کارمەندانی گومرک و پاسەوانانی سنوور ڕووبەڕووی هەزاران کۆچبەری نایاسایی دەبنەوە کە دەیانهەوێت بێنە ناو ولاتەکەمانەوە. ئێمە جیگامان نەماوە کە ڕایانگرین و ئێمە هیچ ڕێگەێکمان نیە بۆ ئەوەی دەستبەجێ بیان گەڕێنینەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان. ئەمەریکا بە شانازیەوە بەخێر هاتنی ملیونان کۆچبەری یاسایی دەکات، ئەوانەی کۆمەڵگاکەمان دەوڵەمەند دەکەن و خمەت بە نیشتمانەکەمان دەکەن، بەڵام هەموو ئەمەریکیەکان ئازاریان پێگەیشتوە لە سەر کۆچبەری کۆنترۆڵ نەکراوی نایاسایی. ئەمە بووەتە هۆی فشار خستنە سەر سەرچاوە گشتییەکان و کەم کردنەوەی هەڵی کار و داهاتەکان. لە نێو ئەوانەش کە زۆرترین فشاریان لەسەرە هاوڵاتیانی ئەفریقی- ئەمەریکی و هیسپانیە ئەمەریکیەکانن. سنووری باشوور وڵاتەکەمان هێڵی بۆریکە بۆ بڕێکی زۆر گەورە لە مادە هۆشبەرەکان لەوانە کریستاڵ، هێرۆئین، کوکائین و فنتانیل. هەموو هەفتەێک 300 هاوڵاتیمان تەنیا بە هۆی بە کار هێنانی هێرۆئینەوە دەمرن، لەسەدا 90 دی ئەوەش لە سنووری باشوورەوە دەڕژێتە ناو وڵاتەکەمانەوە. ژمارەی ئەو ئەمەریکیانە کە ئەمساڵ بە هۆی بەکار هێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە دەمرن زیاتر دەبێت لە هەمو کوژراوانی ئەمەریکا لە شەڕی ڤیتنامدا.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، کارمەندانی دەزگای کۆچبەری و سەپاندنی گومرک 266 هەزار کەسیان دەستبەسەر کردووە بە پێشینەی تاوانکاری لەناویاندا ئەوانەی تاوانبارن یان تاوانبارکراون بە 100 هەزار هێرش، 300 هەزار تاوانی سێکسی و 4 هەزار کوشتن لە ڕێگای توندووتیژیەوە. لە ماوەی چەندین ساڵ بە هەزاران ئەمەریکی بە شێوەێکی دڕەندانە لە لایەن ئەوانەوە کە بە شێوەی نایاسایی هاتونەتە ناو وڵاتەکەمانەوە کوژراون و ئەگەر ئێمە ئێستا کاردانەوەمان نەبێت ژیانی زۆرتر لە دەست دەچن. ئەمە قەیرانێکی مرۆییە ، قەیرانی دڵ و قەیرانی ڕۆح.

مانگی ڕابردوو 20 هەزار منداڵی کۆچبەر بە شێوەێکی نایاسایی هێنراونەتە ناو ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاوە و ئەمەش بەرزبوونەوەێکی بەرچاوە. ئەم منداڵانە لە لایەن ئەو تاقمە دڵرەق و گورکە بەدکارەکان وەکوو بارمتە بەکار دێن. یەک لە سەر سێ ژنەکان دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەریان لە کاتی سەفەری مەترسیدار لە ڕێگای مەکزیکەوە. ژنان و منداڵان گەورەترین قوربانیانی ئەم سیستمە تێکچوەی ئێمەن. ئەمە ڕاستی دڵتەزێنی کۆچبەری نایاسایی لە سەر سنووری باشووری وڵاتی ئێمەیە. ئەمە خۆلێکی ئازار کێشانی مرۆڤە کە من دەمهەوێت کۆتایی پێ بێنم.

بەڕێوبەرایەتیەکەی من پێشنیارێکی وردیان خستووەتە بەردەم کۆنگرێس بۆ پاراستی سنوور و ڕاگرتنی تاقمە تاوانبارەکان، قاچاخچیەکانی مادە هۆشبەرەکان، قاچاخچیەکانی مرۆڤ. ئەمە کێشەێکی گەورەیە. پێشنیارەکەی ئێمە لە لایەن شارەزایانی هێزەکانی جێبەجێ کاری یاساوە کارمەندانی پاراستنی سنوورەوە و لە وزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ئامادە کرابوو. ئەمانە ئەو سەرچاوانەن کە داوایان کردبوو بۆ ئەوەی بە شێوەێکی گونجاو ئەرکەکەیان ڕاپەڕێنن بۆ ئەوەی ئاسایشی ئەمەریکا بپارێزن. لە ڕاستیدا پارێزراو تر لە هەموو کاتێکی دیکە..."

XS
SM
MD
LG