Accessibility links

تالیبان دەڵێت وتووێژی ئاشتی لەگەڵ ئەمەریکا لەئارادایە


تالیبان ڕایگەیاندووە پەیوەندی بە ئەمەریکاوە بۆ وتووێژکردن لەسەر "کۆتاییهێنان بە شەڕو و داگیرکردنی ناڕەوای" ئەفغانستان بەردەوامە، بەڵام جارێکی تر ڕەتی کردەوە هیچ وتووێکی ئاشتی ڕاستەوخۆی لەگەڵ حکومەت لە کابول لەئارادا بێت.

گوتەبێژی تالیبان زەبیحوڵا موجاهد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند خولێکی نوێی وتووێژکردن لەگەڵ ئەمەریکا لە ئارادایە بەڵام جارێ باس لە کات و شوێن نەکراوە.

موجاهد ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوەو بە " بێ بنەما" ناودێر کردن کە دەڵێن وتووێژکەرانی ئەو گروپە یاخیبووە لە کۆتایی ئەم مانگەدا وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کاربەدەستانی ئەفغانی لە عەرەبستانی سعودیە ئەنجام دەدەن.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانی ئەفغانستان، زاڵمای خەلیلزاد، لە ناوەڕاستی مانگی 12 دا وتووێژی دووڕۆژی لەگەڵ شاندێکی باڵای تالیبان لە ئەبو زەبی ئەنجام دا، کە شاندی عەرەبستانی سعودیە، پاکستان و وڵاتی میواندار لەوێ ئامادەبوون.

حکومەتی پاکستان ڕایگەیاند کە ئەو کۆبونەوەکەی لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ڕێکخستبوو.

موجاهد گوتی " هیچ ناوبڕێک نەبووە لە پرۆسەی دیالۆگ لەگەڵ ئەمەریکا چونکە کۆتایی هێنان بە داگیرکاری ئەفغانستان فشارێکە بۆیان."

ئەو گوتیشی ئەگەر وتووێژەکان سەرنەکەون و شەڕەکە بەردەوام بێت لەگەڵ تالیبان " ئەمەریکاییەکان هیچ بژارەیەکیان نامێنیت لەوە زیاتر کە لە ئەفغانستان دەربکرێن."

لە بەیاننامەیکی جودادا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تالیباندا بڵاو کراوەتەوە موجاهد گەشبینتر دیارە لەسەر دەرەنجامی وتووێژەکان و دەڵێت " بە دڵنیاییەوە دەڵێین کە کاریگەر دیارن. هیوا و ئومێدی لێ دروستبووە و وتووێژەکان بەهەمان خێرایی ئێستا بەڕێوە دەچن."

بە پێی ڕاپۆرتان سەرۆک دانۆڵد ترامپ بژارەکان هەڵدەسەنگێنێت لەسەر ئەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو هێزەکان کەم بکاتەوە کە لە ئێستادا 14 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لەو وڵاتەن.

ئەم ڕاپۆرتانە بوونەتە جێگای نیگەرانی کاربەدەستان لە کابوڵ و ڕخنەگرە بیانییەکان کە دەڵێن کەمکردنەوەی هێزەکان وا دەکات تالیبان شەڕەکەی ڕانەگرێت و هەوڵی وتووێژی ڕێککەوتن نەدات.



XS
SM
MD
LG