ڕۆژی پێنج شەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند تورکیا و عێراق هاوکاری دەکەن بۆ لەناوبردنی تیرۆر. ئەردۆغان ئەم قسانەی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح کرد کە بە سەردانێکی فەرمی لە تورکیایە.
ئەردۆغان گوتی " بابەتی هەرە گرنگ ئاسایشە. ڕێکخراوەکانی وەکو داعش، پەکەکە، و تۆڕی فەتحوڵا گولەن هەڕەشەن بۆ سەر تورکیا و عێراق. من باسی ئەم بابەتانەم لەگەڵ هاوڕێی خۆشەویستم کردووە. ئێمە ئاگادارین هاوکاری دوولایەنە چەندە گرنگە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن بەسەر تیرۆرستاندا."
سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵحیش گوتی " باسمان لە زۆر مەسەلەی هەرێمی کرد و ئەوانەی کە لە ئارادان لەوانە بابەتی سوریا و کۆتاییهێنان بەم شەڕەی سوریا و دەسەڵاتدان بە سوریاییەکان کە سەربەخۆیانە خۆیان بڕیاری خۆیان بدەن. تورکیا ڕۆڵێکی گرنگی لەم بابەتانەدا هەیە و عێراق وڵاتانی دراوسێش ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە."
تورکیا ڕایگەیاندبوو خۆی پێشڕەوی شەڕی دژ بە داعش لە سوریا دەکات دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە. هەوەها تورکیا بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر بنکەکانی پەکەکە لە باکوری عێراق.
لە میانەی ئەم سەردانەی سەرۆک کۆماری عێراقدا بابەتەکانی ئاو، هاوکاری دوولایەنەو ئاسایش تاوتوێکرا.