سیناتۆر ئیلزابێت وارن لە سەرەتای ئەم هەفتەیە یەکەم هەنگاوی سەرەکی نا بۆ بەشداری کردن لە هەڵمەتی سەرۆکایەتی بەو هیوایەی ناوبانگی ئەو وەکو بەرگریکارێکی خەڵکی هاوکاری بکات ببێت بە کاندیدی سەرەکی دیموکراتەکان کە ڕەنگە دەیان کەسی تریش خۆیان کاندید بکەن.
ئەو خانمە تەمەن 69 ساڵانەی نوێنەری ماساچوسێتس لە بڵاوکراوەیەکی ڤیدیۆییدا تیشکی خستەسەر مێژووی خێزانەکەی لە ئۆکلاهۆما ئەو گوتی " گرنگ جیاوازییەکانمان نییە، زۆربەمان هەمان شتمان دەوێت دەمانەوێت بتوانین تواناکانمان بخەینە گەڕ بە پێی یاساو ڕێساکان یارمەتی ئەو خەڵکانە بدەین کە خۆشمان دەوێن. ئەمانە ئەو شتانەن کە من شەڕیان بۆ دەکەم بۆیە ئەمڕۆ من کۆمیتەیەکی هەڵسەنگاندنی سەرۆکایەتی دەستپێدەکەم."
وارن لە دەمی قەیرانی داراییدا دە ساڵ لەمەوبەر ناوبانگی زۆر دەکرد کاتێک داوای پاراستنی زیاتری کڕیارانی دەکرد. هەرپاش ئەوە بوو بە یەکێک لە کەسە بەهێزەکانی لیبراڵەکان سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک جار ڕەخنەی لە کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆباماش دەگرت لەسەر وەڵامەکانیان بۆ بێسەروبەری بازار.
لە نامەیەکدا بۆ پشتیوانانی ئەو دەڵێت لە سەرەتای ئەم ساڵ بە فەرمی پلانی خۆی بۆ هەڵمەتەکان ڕادەگەیەنێت. وارن هەتا ئێستا بەناوبانگترین کەسی دیموکراتەکانە کە خواستی خۆی بۆ ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندووە.