دانیشتوانی هەرێمی سەرحەدی کوردنشین لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا کە هاوسنورە لەگەڵ ئەرمەنستان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق بەهۆی سەرمای زستانەوە ژیانێکی سەخت بەسەر دەبەن. نزیکەی هەفتەیەکە بە بەردەوامی بەفرێکی زۆر لەو هەرێمە دەبارێ. لە هەندێک ناوچەدا بەفرەکە گەیشتۆتە یەک مەترو نیو. بەهۆی ئەو بەفرە نزیکەی 120 ڕێگای گوندوناوچەکان گیراون. لە وان 362 ڕێ گیراوە، جولەمەرگ 332، ئاگری 51، موش 263 و لە بەدلیسش 210 ڕێگا گیراون.
تیمەکانی بەهاناچوون و کاوباری ڕێگەوبانەکان هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ کردنەوەی ڕێگەکان و هەتا ئێستا توانیویانە ژماریەک لە ڕێگەکان بکەنەوە.
لە شارۆچکەی مکسی سەربە وان کە 120 کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی شارەوە ژنێکی دووگیان بەهۆی گرتنی ڕێگەکان نەی توانی بچێت بۆ نەخۆشخانە پاش هەوڵەکانی تیمەکانی بەهاناچوون توانرا پاش 5 کاتژمێر بگەیەندرێتە نەخۆشخانەیەکی حکومی لە شارۆچکەی شاخی سەر بە وان.
بەهۆی ڕەوشی خراپی کەشو هەواو ڕێگەو بانەکان خوێندنگاکانی ناوچەکە داخراون و هەندێک جار گەشتە ئاسمانییەکانیش ڕادەگیرێن.
پەیامنێرمان عارف ئەسڵان لە وانەوە ئەم ڕاپۆرتەی بۆ ناردووین.