Accessibility links

سەرهەڵداوانی یەمەن نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناردنی خۆراکی خراپبوو تاوانبار دەکەن


ڕۆژی سێشەممە سەرهەڵداوە حوسیەکانی یەمەن ئەو تۆمەتەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ڕەتکردەوە کە کەلوپەلی هاوکاری کە بۆ خەڵکی سڤیلە دەفرۆشن و ڕەخنەیان لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی گرت بۆ ناردنی خۆردنی خراپبوو بۆ ئەو وڵاتە بەشەڕ وێران بووە.

ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی کە بەرنامەی دابینکردنی خواردنی بۆ 12 ملیۆن یەمەنی لە ساڵی 2019دا هەیە، ڕۆژی دووشەممە سەرهەڵداوە حوسیەکانی بەوە تاوانبار کرد کە ڕەفتاری تاوانکارانە دەکەن و ئەو خۆراکانەی کە بۆ هاوکاری خەڵکییە ئەان لە بازاڕەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە سەنعا دەیفرۆشن.

محەمەد ئەلحوسی ڕێبەری کۆمیتەی باڵای شۆڕشگێڕی سەرهەڵداوەکان، وەڵامی دایەوەو گوتی بەرنامەی خۆراکی جیهانی " بەرپرسیار بووە بەرامبەر ژمارەی ئەو خواردنە خراپبووانەی" کە نێردراون بۆ یەمەن.

لە لێدوانەکانی کە لە ئاژانسی دەنگو باسی سەبای سەرهەڵداوانی یەمەنیدا بڵاو کراوەتەوە ئەو دەڵێت یەمەن ڕێگەی نەدا ئەو خواردنە بێتە وڵاتەکەوە لەبەر ئەوەی " ئەمە سەرپێچی کردنە لە یاساو ڕێساکان و ناکرێت ئەم خواردنانە بدرێن بە مرۆڤ."

سەرهەڵداوە حوسییەکان دەڵێن ئەوان پێشوازی لە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەکەن و داواش لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەکەن بەڵگە بۆ تاوانبارکردنەکانیان بخەنە ڕوو.

ئەو هەروەها ئەو ڕێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی بە لایەنگری کردنیش تاوانبار کرد.

شەڕی ناوخۆی یەمەن بۆ ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەو ناکۆکیانە خراپترین قەیرانی مرۆڤایەتییان درۆستکردووە و 14 ملیۆن کەس لە مەترسی لەبرسا مردندان.

لە مانگی ڕابوردوو کاربەدەستانی سەرهەڵداوە حوسەییەکان و حکومەت بە ئاگربەستێکی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دەکات لە شاری بەندەری حودەیدە قائیل بوون کە ڕێگەی سەرەکییە بۆ هاوردەکردنی خواردن بۆ یەمەنییەکان. ئاگربەستەکە لە 18 ی مانگی 12 وە چووە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام هەتا ئێستاش بەتەواوەتی جێگیر نەبووە بەهۆی هەر جارەو یەکێکیان ئەوەی تر تاوانبار دەکات بە سەرپێچی کردن لە ئاگربەست.

ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی دەڵێت بەهۆی ئەو شەڕانەوە نزیکەی 10 هەزار کەس کوژراون لەو کاتەوەی لە ساڵی 2015 هاوپەیمانی بە ڕیبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە دەستیکرد بە هێرشە ئاسمانییەکانی دژ بە حوسییەکان. هەرچەندە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ژمارەی کوژراوەکان ڕەنگە پێنج هێند زیاتر بن.

XS
SM
MD
LG