Accessibility links

سەردانی سەرۆکەکانی ئەمەریکا لە کرسمسدا بۆ لای سەربازە ئەمەریکاییەکان


سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە گەڕایەوە واشنتۆن پاش گەشتە ڕانەگەیەندراوەکەی بۆ عێراق بۆ سەردانیکردنی سەربازانی ئەمەریکا لەوێ.

کاتژمێرێک پاش گەڕانەوەی تراپ لە تویتێکدا ڕایگەیاند " گەڕامەوە لە سەردانێکمدا بۆ لای سەربازەکانمان لە عێراق و ئەڵمانیا، شتێک کە بەڵگەنەویستە ئەوەیە ئێمە خەڵکی بەهێزو بە توانامان هەیە کە نوێنەرایەتی گەلی ئەمەریکا و وڵاتەکەمان دەکەن کە دەزانن چۆن سەرکەوتن بەدەستبهێنن."

ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک ترامپ بوو بۆ ناوچەیەکی شەڕ لەوکاتەوەی کە سەرۆکە، و ئەو گەشتە هاوشێوەی گەشتێکی نهێنی بوو.

لە کاتێکدا قسەی بۆ سەربازەکان دەکرد لە عێراق، ترامپ بەرگری کرد لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا، گوتی داعش زۆر نزیکە لەوەی شکستبهێنێت و خەلافەتەکەش کۆتاییپێهاتووە.

ترامپ گوتیشی " من لە سەرەتاوە ڕوونمکردەوە کە ئەرکی ئێمە لە سوریا لەناوبردنی داعشە لەو ناوچانەی لە ڕووی لەشکرییەوە تیایدا بەهێز بوون." ئەو گوتیشی هەبوونی ئەمەریکا لە سوریا هەمیشەیی نەبوو " هەشت ساڵ لەمەوبەر ئێمە بە مەبەستی سێ مانگ چووین و هەرگیز نەهاتینەوە."

سەرۆک و خانمی یەکەم چاویان بە سەربازان کەوت و نزیکەی سێ کاتژمێر کاتیان لەوێ بەسەربرد.

لە دەمی گەڕانەوەی بۆ واشنتۆن فڕۆکەی هێزی ئاسمانی یەک (Air Force One) بۆ ماوەیەکی کورت لە بنکەی ئاسمانی ڕامستن لە ئەڵمانیا ڕاوەستا و لەوێش ترامپ لەگەڵ چەند ڕێبەرێکی لەشکری ئەمەریکا کۆبۆوە و خۆی و خانمی یەکەم وێنەیان لەگەڵ ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکایی لە ئەڵمانیا گرت.

لە سەردانە کورتەکەیدا بۆ عێراق ترامپ چاوی بە هیچ کاربەدەستێکی عێراقی نەکەوت بەڵام بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆک وەزیری عادل عەبدولمەهدی قسەی کردبوو.

ئەم سەردانەی سەرۆک ترامپ بۆ عێراق ڕۆژێک پاش ئەنجامدانی کۆنفرانسی ڤیدیۆیی بوو لەگەڵ ئەندامانی هێزی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهان. پاش ئەوە پەیوەندییە ڤیدیۆییە لەلایەن ژمارەیک دەزگای ڕاگەیاندنەوە ڕەخنەی لێ گیرا بۆ ئەوەی کە لە ساڵی 2002 وە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا بووە بۆ کرسمس سەردانی سەربازانی ئەمەریکا نەکات.

سەردانی کردنی سەربازانی ئەمەریکا لە ناوچەکانی شەڕدا بووە بە نەریتێکی سەرۆکەکانی ئەمەریکا و وەکو بەرزکردنەوەی ورەی سەربازان لێی دەڕوانرێت.

سەرۆک جۆرج W بوش لە دەمی ماوەی سەرۆکایەتیدا هەشت جار سەردانی سەربازانی ئەمەریکای لە دەرەوەی وڵات کردبوو، تەنانەت لە دەمی جەژنی سوپاس گوزاری ساڵی 2003 جەژنەکەی لەگەڵ سەربازانی ئەمەریکایی لە بەغدا بەسەر برد. سەرۆک باراک ئۆباما لە مانگی 4 ی ساڵی 2009 و تەنها چوار مانگ پاش بوونی بە سەرۆک سەردانی سەربازانی ئەمەریکای لە بەغدا کرد. ئەو چەندین جار سەردانی لەشکری ئەمەریکای لە ئەفغانستان و کۆریای باشوریش کرد.

پەنتاگۆن دەڵێت نزیکەی 5،200 سەربازی ئەمەریکای لە عێراقن.

هەفتەی ڕابوردوو سەرۆک ترامپ بڕیارێکی مشتومڕلەسەی دا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا. ئەو هەروەها تاوتوێی کشانەوەی نیوەی هێزەکانی ئەمەریکا کە نزیکەی 14 هەزار سەربازن لە ئەفغانستان دەکات.

ڕاوێژکارە باڵاکانی ترامپ و کاربەدەستانی لەشکری هۆشداری ئەوەیان داوە ئەو هەنگاوە ناوچەکە زیاتر دەخاتە مەترسییەوە.

وەزیری بەرگری جیم ماتس و نوێنەری تایبەتی سەرۆک بۆ هاوپەیمانانی جیهانی شەڕی دژی داعش برێت مێکگورک هەردوکیان لەسەر ئەو بڕیارە دەستیان لەکار کێشایەوە.

XS
SM
MD
LG