Accessibility links

تورکیا دەڵێت هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکە لە باکوری عێراق بەردەوام دەبێت


وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، تورکیا بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکە لە باکوری عێراق، ئەمەش ڕۆژێک پاش ئەوە دێت کە بەغدا بە فەرمی ناڕەزایی دەربڕی لەمەڕ هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و پێشێلکردنی سەرەوەری خاکی و هەڕەشەکردن بۆ سەر خەڵکی سیڤیل ناودێری کرد.

لەشکری تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هەشت شەڕڤانی پەکەکەی کوشتووە، ئەمەش وای کرد حکومەتی عێراق باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا بانگ بکات.

تورکیا بەر بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی پەکەکە لە باکوری عێڕاق و دەڵێت ئەوان چیاکانی باکوری عێراق وەکو بارەگای خۆیان بەکار دەهێنن و لەوێوە هێرش دەکەنە سەر تورکیا.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی ئەنجامدانی هێشێکی زەمینی بۆ سەر باکوری عێرق کرد لە سەرەتای ئەم ساڵ. لەم هەفتەیەشدا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنێک کرد دژ بە شەڕڤانانی یەپەگە لە سوریای دراوسێ.

لە بەیاننامەیەکدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتی " پەکەکە بە شێوەیەکی نایاسایی چەندین ساڵە خاکی عێراق بەکار دە‌هێنێت بۆ هێرش کردنە سەر تورکیا، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە هەزاران کەس کوژراون."

ئەو گوتیشی ئانکەرە بە بەردەوامی داوای لە حکومەتی عێراقی کردووە لای خۆیەوە ئەم کردەوانەی پەکەکە ڕاگرێت.

ئەو گوتیشی " ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەردەوام دەبن هەتا ئەو کاتەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە بنکەی لە خاکی عێراقدا بێت و هەتا ئەو کاتەی ئاسایشی تورکیا پێویستی بەم کارە بێت."

XS
SM
MD
LG