Accessibility links

سەرۆک وەزیری پاکستان ڕەخنەی توند لە سەرۆک ترامپ دەگرێت


سەرۆک وەزیری پاکستان عمران خان ڕۆژی دووشەممە بە توندی ڕەخنەی لە سەرۆک دانۆڵد ترامپ گرت بەهۆی گومانەکانی لە هەوڵەکانی دژە تیرۆری پاکستان و دەڵێت واشنتۆن ئیسلام ئاباد دەکات بە بیانو بۆ شکستەکانی لە ئەفغانستان.

سەرۆک ترامپ لە وتووێژێکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزۆنی فاکس کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاو کرایەوە بەرگری لە بڕیارەکەی خۆی کرد بۆ ڕاگرتنی سەدان ملیۆن دۆلار هاوکاری لەشکری بۆ پاکستان و گوتی " ئەو وڵاتە هیچمان بۆ ناکات."

سەرۆک پاکستانی تاوانباریش کرد بە داڵدەدانی ڕێبەری ئەلقاعیدە ئوسامە بن لادن بەر لەوەی لەلایەن هێزی تایبەتی ئەمەریکاوە لە ساڵی 2011 شوێنەکەی ئاشکرا بکرێت و هێرشی بکرێتە سەر.

خان لە زنجیرەیەک تویتدا هێرشەکانی ترامپی دژ بە وڵاتەکەی ڕەت کردەوە و دەڵێت پاکستان بەشداری کرد لە شەڕی دژ بە تیرۆرسم سەرەڕای ئەوەش کە هیچ پاکستانییەک بەشدار نەبوو لە هێرشەکانی 11 ی سپتەمبەری ساڵی 2001 بۆ سەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە بوو بەهۆی هێرشی لەشکری دژ بە ئەفغانستان.

سەرۆک وەزیری پاکستان دەشڵێت لەو کاتەوە پاکستان زیاتر لە 75 هەزار قوربانی داوە جگە لە زیانی ئابوری بە بڕی زیاتر لە 123 ملیار دۆلار. ئەو گوتوشیەتی هاوکارییەکانی ئەمەریکا تەنها 20 ملیاری "بچووک" بووە.

سەرۆک وەزیر خان گوتوشیە " ئەو شەڕە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو بۆ سەر خەڵکی ئاسایی پاکستان. پاکستان بەردەوام هێڵی زەمینی و ئاسمانی ئازاد و پەیوەندییەکانی بۆیان دابنین کردووە. ئایا بەڕێز ترامپ دەتوانێت ناوی هاوپەیمانێکی ترمان پێ بدات کە ئەم جۆرە قوربانیانەیان دابێت؟"

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ناتۆ بەردەوام پشتیان بە ڕێگای زەمینی و ئاسمانی پاکستان بەستووە بۆ ناردنی کەرەستەی پێداویستی بۆ سەربازەکانیان لە ئەفغانستان.

خان گوتیشی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە لەشکرییەکانی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی سنوریان لەگەل ئەفغانستان بۆ پشتیوانی لە هێزی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا، ژمارەیەکی زۆر لە ناوچە خێلەکییەکانی پاکستان وێران بوون و ملیۆنان کەس لە ماڵەکانی خۆیان ئاوارە بوون.

عمران خان گوتیشی لە بری ئەوەی پاکستان بکات بە بیانوی سەرنەکەوتنەکانی لە ئەفغانستان، ئەمەریکا پێویستە لێکدانەوەیەکی تەواو بکات بۆ چی سەرەڕای زیاتر لە 140 هەزار سەربازی ناتۆ و 250 هەزار سەربازی ئەفغانی و بە پێی ڕاپۆرتان تێچوونی 1 ترلیۆن دۆلار لە شەڕی ئەفغانستان، ئەمڕۆ تالیبان لە پێشتر بەهێز ترە.

شایانی باسە پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و ئەمەریکا ئاڵۆزی تێکەوت لەو کاتەوەی لە مانگی 8 ی ساڵی 2017 سەرۆک دانۆڵد ترامپ ستراتیژیەتی باشوری ئاسیای شکستپێهێنانی تالیبانی ئەفغانستان ڕاگەیاند. ئەو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەو کاتەدا پاکستانی تاوانبار کرد بۆ داڵدەدانی تالیبان و ملیتانەکانی تری کە دەستیان هەیە لە هێرشەکانی ئەوبەری سنور بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا.

لە مانگی یەکی ڕابوردووشدا سەرۆک ترامپ گوتی نزیکەی یەک ملیار دۆلار هاوکاری دارایی لەشکری بۆ پاکستان ڕادەگرێت هەتا ئەو کاتەی ئیسلام ئاباد تۆماری دژەی تیرۆرسمی خۆی بەرەوپێش نەبات.

XS
SM
MD
LG