Accessibility links

هەژدە هاووڵاتی سعودی ڕێگەی چوونە نێو ناوچەی شەنگنیان لێ دەگیرێت


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە گوتی بەرلین ڕێگە لە 18 هاووڵاتی سعودی دەگرێت بێنە ناو سنوری ناوچەی شەنگنەوە بەهۆی ئەوەی گوایە دەستیان هەبووە لە کوشتنی ڕۆژنامەوانی سعودی جەمال خاشقچی.

هایکۆ ماس گوتیشی بەر لە ڕاگەیاندنەکە تاوتوێی بڕیارەکەی لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیادا کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس

لە پەراوێزی کۆبونەوەیەکی یەکێتی ئەوروپا لە بروکسڵ ماس گوتی " ئەم دۆسێیە پرسیاری زیاتری تێدایە لە وەڵام لەسەر خودی تاوانەکە و لەسەر ئەوەش کە دەستی کێی تێدا بووە."

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ گوتی بە تەواوەتی زانیاری لەسەر تۆمارێکی دەنگی کوشتنەکەی ئەو ڕۆژنامەوانە جودابیرە سعودییە پێدراوە کە لە ناو کۆنسۆڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ کوژرا، بەڵام ناخوازێت خۆی گوێی لێبگرێت لەبەر ئەوەی شێوازی توندوتیژییەکە دەخاتە ڕوو.

سەرۆک ترامپ لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی فاکس کە ڕۆژی هەینی تۆمار کرابوو و ڕۆژی یەکشەممە پەخشکرا دەڵێت " تۆمارێکی دەنگی ئەشکەنجەیە. دەنگێکی سامناکە." ئەو دەشڵێت " زۆر زۆر توندوتیژە و زۆر دڕندانیە."

سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی
سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی

ڕۆژی شەممە سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کوشتنەکەی خاشقچی لە ڕۆژی 2 ی مانگی 10دا بڵاو دەکاتەوە. وەزارەتی دەرەوە دەڵێت هێشتا نەگەیشتۆتە درەنجامێکی تەواو هەرچەندە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکەن CIA پێی وایە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان فەرمانی کوشتنەکەی داوە.

کاتێک لە وتووێژەدا پرسیار لە سەرۆک ترامپ کرا کە ئایە شازادە بن سەلمان درۆی لەگەڵیدا کردووە کە گوتویەتی دەستی تێدا نییە، سەرۆک تراپ بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە " نازانم، کێ دەتوانێت ئەوە بزانێت؟ بەڵام ئەوەندە دەڵێم زۆر کەسی تر دەڵێن ئەو ئاگای لێ نەبووە."

ترامپ گوتیشی " ئەو پێی گوتم هیچ پەیوەندی پێوە نەبووە. ئەو ڕەنگە پێنج جار ئەمەی دووپات کردۆتەوە لەکات و ساتی جیاوازدا دواینترینیان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر."

وێنەی ڕۆژنامەوانی سعودی جەمال خاشقچی
وێنەی ڕۆژنامەوانی سعودی جەمال خاشقچی

عەرەبستانی سعودیە 11 کەسی لە پەیوەندی بە دۆسێی کوشتنی خاشقچی توانبار کردووە و دەڵێت هەوڵی سزای مەرگ دەدات بۆ 5 کەس لەوانە.

سەرۆک ترامپ دانیبەوەدا ناوە کە ڕەنگە کەسانی نزیک لە شازادە دەستیان هەبووبێت لەم کوشتنە بەڵام گوتیشی " من دەمەوێت لەگەڵ هاوپەیمانێکدا بمێنەمەوە کە لە زۆر ڕووەوە زۆر باش بووە."

کاتێک کرس واڵسی فاکس نیوز پرسیاری لە ترامپ کرد لەسەر ئەوەی ئایە پشتیوانی لە بڕیاری کۆنگرێس دەکات بۆ ڕاگرتنی دەستێوەردانی ئەمەریکا لە شەڕی بەڕێبەرایەتی سعودیە لە یەمەن و ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بە ڕیاد بەڵام سەرۆک گوتی دەکەوێتە سەر حاڵەتەکان " من دەمەوێت شەڕی یەمەن کۆتای بێت ئەمە خەتای هەردوولای تێدایە و من دەشمەوەێت دۆسێی ئێرانیش کۆتایپێبێت، دەمەوێت سعودیە ڕاوەستێت بەڵام دەمەوێت ئێرانیش ڕاوەستێت."

سەرۆک ترامپ ڕۆژی شەممە لە کاتێکدا لە ڕێگا بوو بەرەو کالیفۆرنیا لەلایەن بڕیوەبەری سی ئای ئەی جینا هاسپێڵ و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپەیۆوە بە تەلەفۆن لە لێکۆڵینەوەکانی ئەمەریکا لەسەر کوشتنی خاشقچی ئاگادار کرایەوە.

شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە محەمەد بن سەلمان
شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە محەمەد بن سەلمان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت حکومەتی ئەمەریکا سورە لەسەر ئەوەی هەمو ئەو کەسانە بەرپرسیار بکات کە دەستیان هەیە لە کوشتنەکە، بەڵام ژمارەیەک پرسیار هێشتا بێ وەڵامن.


XS
SM
MD
LG