تیمەکانی ڕزگارکردن ڕۆژی هەینیش بەردەوامن لە گەڕان بە دوای ئەو 630 کەسەی لە ناوچەیەکی باکوری کالیفۆرنیا کە لە خراپترین گڕگرتنی دارستانەکان لە مێژووی ولایەتەکەدا بووە بە خۆڵەمێش بێسەروشوێن بوون.
بەلایەنی کەم 63 کەس لە ناو و دەوروبەری ناوچەی ناسراو بە پارادێس گیانیان لە دەستداوە بەهۆی ئەو ئاگرەی کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر لە گردەکانی دامێنی ساییرا بەربوو کە نزیکەی 175 میل دوورە لە باکوری شاری سان فرانسیسکۆوە. ئەم ئاگرە یەکێکە لە کوشندەترین ئاگری دارستانەکانی ئەمەریکا لەوەتای ساڵی 2000 وە.
بەڕێوەبەرایەتی دارستانەکان و ڕێگەگرتن لە ئاگری کالیفۆرنیا ڕایگەیاند، نزیکەی 12 هەزار خانو باڵەخانە سوتان چەند کاتژمێرێک پاش ئەوەی گڕەکە بڵاوبۆوە.
هەزاران باڵەخانەو خانوی تر هێشتا لە مەترسیدان لە کاتێکدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەرەوە، کە زۆربەیان لە ولایەتەکانی ترەوە گەیشتوون، هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆ زاڵبوون بەسەر گڕەکەدا.
بەرپرسی پۆلیس کۆری هۆنیا ڕۆژی پێنجشەممە گوتی لە ڕۆژی چوارشەممەوە تەرمی 6 قوربانی تر دۆزرانەوە، و زیاتر لە 300 کەسیش بێسەروشێنن. بەڵام پاشان ژمارەی بێسەروشوێنەکان بەرزکرایەوە بۆ 630 کەس.