Accessibility links

تورکیا: تۆماری کوشتنەکەی خاشقچی دراوە بە چەند وڵاتان


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند تۆماری کوشتنەکەی ڕۆژنامەوانی سعودی جەمال خاشقچی داوە بە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، عەرەبستانی سعودیە و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کام لەم وڵاتانە قسەکانیان پشتڕاست نەکردۆتەوە کە تۆمارێکی لەوجۆرەیان پێ گەیشتبێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند حکومەتەکەی زانیاری زیاتری هەیە لەسەر کوشتنەکە و ڕەنگە بەڵگەکان ئاشکرا بکات پاش کۆتاییهاتن بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر کوشتنەکە.

لە میانەی سەردانێکیدا بۆ ژاپۆن چاوشئۆغڵو بە پەیامنێرانی گوت تورکیا گوتویەتی عەرەبستانی سعودیە یان هەر وڵاتێکی تر کە بیەوێت زانیارییەکانی دەستکەوێت ئەو دەرفەتەیان پێ دەدرێت کە بەڵگەکان ببینن.

خاشقچی لە 2 ی مانگی 10 لە ناو کۆنسۆڵخانەی عەرەبستانی سعودیە لە ئەستەنبوڵ کوژرا.

سەرەتا عەرەبستانی سعودیە ڕایگەیاند خاشقچی کۆنسۆڵخانەکەی جێهێشتووە و ئاگای لێی نییە، بەڵام پاشان دانی بەوەدا نا لە ناو کۆنسۆڵخزنەکە کوژراوە بەس زانیاری لەسەر فەرمانی کوشتنەکەی ڕانەگەیاندووە.

XS
SM
MD
LG