Accessibility links

حەسەن ڕۆحانی: سزا نوێیەکانی ئەمەریکا هیچ کاریگەری بۆ سەر ئابوری ئێران نییە


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند سزاکانی ئەمەریکا کە لە هەفتەی ڕابوردوو ڕایگەیاند هیچ کاریگەرییەکی نەبووە بەسەر ئابوری ئێرانەوە چونکە واشنتۆن پێشتر بە شێوەیەکی پراکتیکی سەپاندبوی.

نوێکردنەوەی ئەو سزایانە بەشێکن لە هەوڵێکی فراوانتری سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ فشارخستنە سەر ئێران تا دەستبەرداری بەرنامەی ناوکی، موشەکی بالاستیکی و پشتیوانییەکانی بێت بۆهێزە بەکرێ گیراوەکانی لە یەمەن، سوریا، لوبنان و شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕۆحانی لە لێدوانێکیدا لە ڕاستەوخۆ لە تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی پەخشدەکرا گوتی " سزاکان هیچ کاریگەرییەکی نەبووە چونکە ئەمەریکا لە پێشترەوە هەمو چەکێکی شتێکی بەکار هێناوە و هیچ شتێکی نوێ نییە بۆ ئەوەی دژمان بەکاری بهێنێت."

ڕۆحانی گوتیشی " ئەوان تەنها لیستی کۆمەڵێک ناوی بانک و لقەکانیان و هێڵی ئاسمانی و فڕۆکەکانیان بڵاوکردۆتەوە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات ئەوان تەنها دەیانەوێت لە ڕووی دەرونییەوە کار بکەنە سەر خەڵکی ئێران."

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کاتێک ڕۆژی دووشەممەی ڕابوردوو سزاکانی بۆ سەر ئێران نوێ کردەوە گوتی بە شێوەیەکی کاتی ڕێگە بە هەشت کۆمپانیای کڕینی و فرۆشتنی نەوت دەدات نەوتی ئێران بکڕن. لە مانگی پێنجی ڕابوردوو سەرۆک ترامپ لە سەودا ناوکییەکەی ساڵی 2015 ی ئێران و شەش وڵاتانی زلهێزی جیهانی کشایەوە و واشنتۆن یەکەم خولی سزاکانی دژ بە ئێرانی لە مانگی 8 دەستپێکردەوە.

XS
SM
MD
LG