Accessibility links

زۆربەی دایک و باوکان بەهەڵە لە دەرزی دژ بە ڤایرۆسەکانی ئەنفلوانزا تێگەیشتوون


ساڵی 2017 وەرزی توشبوون بە نەخۆشی ئەنفلوانزا زۆر خراپ بوو. نزیکەی هەشتا هەزار کەس بەهۆی ئەنفلوانزا لە ئەمەریکا گیانیان لە دەستدا لە ناویاندا 180 منداڵیش. لەم ساڵیش هەر لە ئێستاوە بەهۆی ڤایرۆسێکی ئەنفلوانزا منداڵێک لە فلۆریدا گیانی لەدەستداوە.

نەخۆشخانەیەکی فلۆریدا بیروڕای دایک و باوکانی ئەمەریکای وەرگرتووە لەسەر ئەوەی بۆچی هەندێکیان منداڵەکانیان ساڵانە دژ بە ڤایرۆسەکانی ئەنفلوانزا ناکوتن لە کاتێکدا دەشزانن کە ڕەنگە ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.

لە ڕاستیدا هەنێک لە دایک و باوکان بە تەواوەتی لە سودەکانی دەرزی کوتانی دژ بەو ڤایرۆسانە تێنەگەیشتوون. سێ بەشی ئەو دایکو باوکانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە پێیان وا نییە ئەو ڤاکسینە بیانپارێزێت. لە نیوەیان زیاتر گوتویانە منداڵەکانیان لەپاش کوتانەکە نەخۆش دەکەون. ئەمەش زانیاریەکی ڕاست نییە.

دکتۆر جێن مۆرجانی لە نێوەندی تەندروستی ئۆرلاندۆ دەڵێت " ئەو بەشە ڤایرۆسانەی کە لە دەرزییەکەدا بەکار دەهێنریت بە تەواوەتی مردوون جا بەهیچ شێوەیەک بەهۆی دەرزییەکەوە کەس توشی ئەنفلوانزا نابێت."

لەو ڕاپرسییەدا نزیکەی لە سەدا 20 ی دایک و باوکان پێیان وایە کوتانی دژ بە ڤایرۆسەکانی ئەنفلوانزا ڕەنگە منداڵان دووچاری نەخۆشی ئاتزم بکات. بەڵام دکتۆر مۆرجانی ئەمەشی ڕەت کردۆتەوەو دەڵێت هیچ بنەمایەکی نییە.

دکتۆر مۆرجانی دەڵێت ئەگەر دەرزییەکە بە تەواوەتیش مەترسیی توشبوونی نەخۆشی ئەنفلوانزا لە ناو نەبات هەر باشترە بۆ ئەوەی سوک تر نەخۆشییەکەیان توش بێت.

شارەزایان دەڵێن باشتروایە بەر لە دەستپێکردنی وەرزی پایز کە لەو کاتەدا بە زۆرترین شێوە ڤایرۆسەکانی ئەفلوانزا بڵاو دەبنەوە، خەڵکی دەرزی دژی ڤایرۆسەکان لە خۆیان و منداڵەکانیان بدەن.

XS
SM
MD
LG