Accessibility links

هاوکاتی ناڕەزاییەکان لەسەر کۆمەڵکوژیەکەی پیتسبەرگ، سەرۆک ترامپ و خانمی یەکەم سەردانی شارەکە دەکەن


بڕیارە ڕۆژی سێشەممە سەرۆک دانۆڵد ترامپ و میلانیای هاوسەری سەردانی شاری پیتسبەرگ لە ولایەتی پێنسلڤانیا بکەن بە مەبەستی ڕێزلێنان لە خێزانەکانی ئەو 11 ئەندامەی کۆمەڵگەی جووەکان کەلە هەفتەی ڕابوردوو لەدەستڕێژێکی دژ بە جووەکاندا کوژران. هەرچەندە ژمارەیەک لە ڕێبەرانی جووەکان داوای ئەوە دەکەن سەرۆک خۆی دوور بگرێت هەتا ئەو کاتەی نەتەوەپەرستی سپیپێست ڕەت نەکاتەوە.

کۆشکی پسی ڕۆژی دووشەممە ئەم سەردانەی ڕاگەیاند و گوتی سەرۆک و خانمی یەکەم سەردانی ئەو شارە مێژووییە دەکەن بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆیان و خەڵکی ئەمەریکا بۆ کۆمەڵگەی پیتسبەرگ.

سەردانەکەی سەرۆک ترامپ هاوکات دەبێت لەگەڵ یەکەم مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی قوربانییەکانی تەقەکردنەکەی ڕۆژی شەممە. شارەوانی پیتسبەرگ بیل پیدۆتۆ لە وتووێژێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن داوای لە سەرۆک ترامپ کردبوو سەردانەکەی دووابخات چونکە دەبێتە مایەی نیگەرانی پۆلی و کاربەدەستانی جێبەجێکردنی یاسا لە کاتێکدا پێویستە ئاسایشی مەڕاسیمی بەخاکسپاردنەکە دابین بکەن.

چەند ڕێبەرێکی یەکێک لە ڕێکخراوەکانی جووەکان لە نامەیەکی کراوەدا ڕۆژی دووشەمە داوایان لە سەرۆک ترامپ کردووە سەردانەکە پوچەڵ بکاتەوە، و دەڵێن پێشوازی لێناکەن هەتا ئەوکاتەی نەتەوەپەرستی سپیپێستەکان ڕەت نەکاتەوە. ئەو نامەیە لەلایەن دەیان هەزار کەس لە سەرانسەری وڵاتەوە مۆر کراوە. بەڵام هەندێک لە نوێنەرانی ئەو ڕێکخراوە دەڵێن بێگوامان پێشوازی لە سەرۆک دەکەن بچێت بۆ پیتسبەرگ.

ڕۆبەرت باوەرسی تەمەن 46 ساڵانی شۆفێری بارهەڵگر کە بە تەقەکردن لە سینگای جووەکان تاوانبار کراوە ڕۆژی دووشەممە یەکەم جار لەبەردەم دادوەرێکی فێدراڵی ئامادە بوو.

باوەرس ڕووبەڕووی 29 تاوان دەبێتەوە، لە ناویاندا تاوانی ڕق و کینەش. ئەگەر تاوانەکان بەسەریدا بسەپێندرێت ئەوا بۆی هەیە ڕووبەڕووی سزای مەرگ ببێتەوە.

XS
SM
MD
LG