دەنگدەران لە سەرانسەری ئەفغانستان لە بنکەکانی دەنگدان ڕیزیان بەستووە بۆ دەنگدان سەرەڕای هەڕەشەی بەردەوامی تالیبان کە نوێترینیان لە سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە بوو کە ڕایانگەیاند هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی دەنگدان.
لە کابولی پایتەخت دەنگدەران بە تۆنێکی بەرز دەڵێن ناترسن.
دەنگدەرێکی ژن بە ناوی فەریبا ڕایگەیاند " ئێمە لە هەڕەشەکان ناترسین چونکە دەمانەوێت وڵاتەکەمان بونیات بنێین. ئەمڕۆ هەڕەشەیەکی زۆرمان لێکراوە، بەڵام هەر لێرەین بۆ دەنگدان."
لە بەشەکانی تری وڵاتەکە کاربەدەستان وا دیارە دڵنیان لەو هەنگاوە ئاسایشیانەی ناویانە. محەمەد ڕەسوڵ عومەر سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کوندوز دەڵێت " ڕێوشوێنە ئاسایشیەکان لە هەمو شوێنێک گیراونەتەبەر. هەماهەنگییەکی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشدا." هەرچەندە کاربەدەستانی هەڵبژاردن ڕایانگەیاندووە تالیبان کەرەستەی هەڵبژاردنەکانیان لە بەلایەنی کەم بنکەیەکی دەنگدانی پارێزگاکە دزیوە، و ڕۆژنامەوانە خۆجێهیەکانیش ڕایانگەیاندووە چەند موشەکێک بە چەندین ئاراستەی جیاواز لە گیراونەتە پارێزگاکە.
دەنگدانەکە لە کاتژمێر 7 ی سەرلەبەیانی دەبوایە دەستپێبکات بەڵام لە چەندین بەشی وڵاتەکە دوواخرابوو ئەمەش بوو بە مایەی دڵەڕاوکێ لە ناو ئەو دەنگدەرانەی کە ڕیزیان بەستبوو بۆ دەنگدان. شیلا دەنگدەرێکی ژنە لە کابول دەڵێت " من پەلەم بوو بۆیە کاتژمیر حەوت هاتم بەڵام هەتا 7:30 بنکەکەیان نەکردەوە. پرۆسەکە بێسەروبەر بوو."
عەبدول بادی سەیاد سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندووە بەهۆی دووا کەوتنەکانەوە دەنگدانەکە هەتا ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت چونکە چەند ئاستەنگێکی تەکنیکی و ڕێکخراوی ڕێگربوون لەبەردەم هەندێک لە دەنگدەران.