Accessibility links

عەرەبستانی سعودیە دەڵێت خاشقچی لە کۆنسۆڵخانەکەی مردووە پاش شەڕکردنی لەوێ


عەرەبستانی سعودیە ڕایگەیاند ئەنجامە بەراییەکانی لێکۆڵینەوە لەسەر وون بوونی ڕۆژنامەوانی سعودی جەمال خاشقچی ئەوە نیشان دەدات کە لەناو کۆنسۆڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ مردووە پاش ئەوەی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کۆبۆتەوە شەڕی کردووە.

بەیاننامەکەی دادپرسی گشتی سعودی ڕۆژی شەممە لە تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی عەرەبستانی سعودیە بڵاو کرایەوەو تیایدا دەشڵێت هەژدە هاووڵاتی سعودی هەتا ئێستا بە تاوانی پەیوەندییان بە کوشتنی خاشقچییەوە دەستگیر کراون و ڕاوێژکاری دادگای شاهانە سعود ئەلقەهتانی و جێگری بەرپرسی کاروباری زانیاری ئەحمەد ئەسیریش لە کارەکانیان دەرکراون.

دادپرسەکە دەڵێت لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خاشقچی هەر بەردەوامە.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی سعودی ڕایشیگەیاندووە، شا سەلمان فەرمانیشی داوە بە دەستەی وەزیران بە سەرۆکایەتی شازادە محەمەد بن سەلمان دەزگای زانیاری شانشینەکە ڕێکبخەنەوە.

ئەمە یەکەم جارە لەلایەن عەرەبستانی سعودیەوە دان بەوەدا بنرێت کە خاشقچی مردووە.

کاربەدەستانی تورکیا پێشتر ڕایانگەیاند لەو بڕوایەدان خاشقچی لەناو کۆنسۆڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ کوژرابێت پاش ئەوەی لە 2 ی مانگی 10 ڕۆشتبوو بۆ ئەوەی بۆ نوێکردنەوەی بەڵگەنامەکانی بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیرێتی. عەرەبستانی سعودیە پێشتر نکوڵی لەوە کرد و گوتی خاشقچی ماوەیەکی کورت پاش ڕۆشتنی بۆ ئەوێ باڵەخانەکەی جێهێشتووە.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " دان بە ڕاگەیاندنەکەی شانشینی عەرەبستانی سعودیە و بەرەوپێشچوونی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر چارەنوسی جەمال خاشقچیدا دەهێنیت و ئەوەش کە هەنگاوی ناوە دژ بەوانەی هەتا ئێستا گومانبارن."

کاتێک لە ئەریزۆناش پرسیار لە سەرۆک ترامپ کرا لەسەر ڕاگەیاندنەکەی عەرەبستانی سعودیە سەرۆک ترامپ گوتی " ئەمە هەنگاوێکی یەکەمی گەورەیە " هەرچەندە گوتیشی ئێمەش چەند پرسیارێکمان لە سعودیە هەیە و لەگەڵ کۆنگرێسدا کار دەکەین.

ئەو گوتیشی هەوڵدەدات لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان قسەبکات بەر لەوەی هەنگاوی داهاتوو بنێت.

XS
SM
MD
LG