Accessibility links

بەهۆی هێرشێک بۆ سەر مانۆڕێکی لەشکری لە ئێران دەیان کەس دەکوژرێن


ئاژانسەکانی دەنگوباسی فەرمی ئێرانی ڕادەگەیەنن چەند چەکدارێک ڕۆژی شەممە تەقەیان لە مانۆڕێکی لەشکری لە باشوری ڕۆژئاوای ئێران کرد و لە ئەنجامدا 24 کەس کوژران، نیوەیان ئەندامی سوپای پاسدارانن. تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاندووە ئەمە کوشندەترین هێرش بووە بۆ سەر سوپای پاسداران کە زیاتر لە 60 کەسیشی تێدا بریندار بوون.

ئەم هێرشەی شاری ئەهواز لە کاتێکدا بوو کە کاربەدەستانی ئێرانی کۆببونەوە بۆ ڕێوڕەسمی ساڵانەی یادی دەستپێکردنی شەڕی ئێران و عێراق لە نێوان ساڵەکانی 1980 بۆ 1988.

ئاژانسی دەنگوباسی IRNA لە زاری کاربەدەستێکی کە نێوی ئاشکرا نەکراوە دەڵێت، ژمارەیەک لە قوربانییەکان کەسانی سڤیلن لە ناویاندا ژن و منداڵیش کە بۆ تەماشاکردنی مانۆڕە لەشکرییەکە لەوێ بوون.

سوپای پاسدارانی ئێران لەوەتای لە ساڵی 1979 و دەمی شۆڕشی ئیسلامییەوە دامەزراوە بووە بە شمشێر و قەڵغانی دەسەڵاتی ئاینیی شیعە. ئەم سوپایە ڕۆڵێکی سەرەکیش دەبینیت لە بەرژەوەندی ئێران لە هەرێمەکەدا، هەروەکو کاریگەرییەکانی لە عێراق، سوریا و یەمەن.

فەرماندەی لەشکری ئەبولفەزڵ شکارچی گوتەبێژێکی باڵای هێزە لەشکرییەکانی ئێران بە تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێرانی ڕاگەیاند " سێ کەس لە تیرۆرستەکان هەر لە شوێنی ڕووداوەکە کوژران و چوارەمیان کە بریندار بوو لە نەخۆشخانە مرد".

عەلی حوسێن حوسێنزادە یاریدەدەری پارێزگاری خوزستان دەڵێت چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان زیاد بکات. یەکێک لە کوژراوەکانیش ڕۆژنامەوان بوو.

کەسێک به نێوی یه‌عقووب، وته‌بێژی ڕێکخراوی "بزووتنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی ڕزگاریخوزی ئه‌لئه‌حواز (الاحواز) له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی فارسی تلڤێزیۆنی بی‌بی‌سی ڕایگه‌یاندووە، ڕێکخراوی "به‌رخۆدانی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌لئەحواز" که ڕێکخراوێکی فراوانەو و چه‌ند گرووپێکی چالاک ده‌گرێته خۆی به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌م هێرشەی گرتۆتە ئەستۆ و گوتویەتی ئه‌مە به‌شێک له به‌رخۆدانی ئێمه‌یه و ئامانجمان هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی نییە"

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف دەڵێت هێرشەکە بە کاری ئەوانە دەچێت کە پشتیوانی لە تیرۆرستە هەرێمیەکان دەکەن، ئەمەش زمانێکە کە بە شێوەیەکی گشتی بۆ دوژمنانی ئێران عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیل و ئەمەریکا بەکاری دەهێنن.

XS
SM
MD
LG