Accessibility links

ئێران پاش هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەر عیراق هوشیاری دەداتە دوژمنەکانی


بنکه‌یه‌کی حیزبی دیـمۆکڕات که‌ شه‌مه‌ ئێران به‌ موشه‌ک هێرشی کرده‌ سه‌ر

ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە هوشیاریدایە دوژمنەکانی پاش چەند ڕۆژێك بە دوای هێرشە موشەکییەکەی بۆ سەر کۆمەڵەکانی ئۆپوزسیۆنی ئێرانی لە عیراقدا.

ئاژانسی ئێسنای نمچە فەرمی لە ئێران لەسەر زاری محەمەد عەلی جەعفەری کۆمانداری سوپای پاسدارانی شورشی ئیسلامی گوتی موشەکەکانمان لەمەودای 2 هەزار کیلومیتردا توانایەکی نایابیان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی دەرەکی.

هەروەها گوتیشی هێزەکانمان پەیامێکی بەهێزیان ڕەوانەی گشت دوژمنانمان کرد کەوا پێویستە لەسەر ئەوانەی هێز و چەك و بنکەیان لەدەوری 2 هەزار کم لە سنووری پیرۆزی ئێرانەوە هەیە تێبگەن لەوەی موشەکەکانمان زۆر بەوردی لە ئامانجەکانمان دەدەن.

جێ باسە ئێران لە ڕۆژی شەممەدا 7 موشەکی گرتە بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدك و حدکا) لە ناو خاکی کوردستانی عیراقدا نزیك بە سنوورەکانی ئێرانەوە.

لە دەرئەنجامدا 15 کەس کوژران لە نێوانیاندا 6 ئەندامی سەرکردایەتی و هەروەها ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا دوابەدوای هێرشەکە بەرپرسیاریتی لە ئەستۆگرت و گوتی هێرشەکەی کردووە لە تۆڵەسەندنەوەی کردارە بەدکارەکانی کۆمەڵە تیروریستییەکان لە ناوچە کوردییەکان لە مانگەکانی دواییدا.

شایانی باسە پرۆگرامی موشەکی ئێران خاڵی ناکۆکی نێوان تاران و ڕۆژئاواییەکانە ئەوانەی ئێرانیان تاوانبارکردووە بە گەشەسەندنی تواناکانی موشەکی بەمەبەستی شێواندنی سەقامگیری ڕۆژهەلاتی ناوەراست هەرچەندێکە ئێران گوتویتی ئەو موشەکانەی تەنها بۆ لەخۆبەرگریکردن بەکاردێن.

XS
SM
MD
LG