Accessibility links

ئیسرائیل خاڵی پەڕینەوەی کەرەم شالۆم دەکاتەوە


ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت خاڵی پەڕینەوەی کەرەم شالۆم دەکاتەوە، کە تەنها خاڵی بازرگانیە بۆ غەززە، بەومەرجەی لە 2 ڕۆژی داهاتوودا بە ئارامی بمێنێتەوە.

ئەمڕۆ وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئیڤیگدۆر لیبرمان ڕایگەیاند " ئەگەر دۆخەکە ئەمڕۆ و سبەینێ وەک دوێنێ بمێنێتەوە، ئەوا ڕۆژی 3 شەممەی داهاتوو ڕێگا دەدەین خاڵی کەرەم شالۆم بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بگەڕێتەوە".

وەزیری بەرگری ئیسرائیل گوتیشی لەوەتای ڕۆژی 30 مانگی 3ی ڕابردۆوە، کە فەلەستینیەکان بۆ چەند هەفتەیەک خۆپیشاندانیان بەدرێژایی سنوور ئەنجامدا، دوێنێ شەممە ئارامترین ڕۆژ بوو.

بەڵام لیبرمان ئاگاهیدا لەوەی دانیشتوانی غەززە پێوویستە لەوە تێبگەن هەتا بالۆنی گڕدار و ئاگراوی هەڵدرێت و ئاگر لەبەشی ئێمە بکەوێتەوە، ئەوا ژیان لە بەشی ئەوان بۆ دۆخی ئاسایی ناگەڕێتەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو ئاگرانەی بەبالۆن فەلەستینیەکان لە سنوورەوە بۆ بەشی ئیسرائیلی هەڵی دەدەن.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل گوتیشی کلیلی ئارامی، بێدەنگی و نەناردنی باڵۆن و ئارامیە لەودیوی دیوارەوە.

ڕۆژی شەممە حەماس ڕایگەیاند گەشتۆتە سەودایەک بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام ئاگربەستی پشتڕاست نەکردەوە.

نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لە هەردوولا کرد " لە کەناری جەنگەوە پاشەکشە بکەن".

XS
SM
MD
LG