Accessibility links

بەرزی فشاری خوێن لە کاتی دووگیانیدا مەترسی نەخۆشی درێژخایانی ژنان زیاد دەکات


لێکۆڵینەوەیەکی تەندروستی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات ئەو ژنانەی لە کاتی دووگیانیدا دووچاری بەرزی فشاری خوێن دەبن ڕەنگە مەترسی توشبوونی ئەو نەخۆشییە و هەروەها مەترسییەکانی نەخۆشی دڵ و بەرزی کۆلیسترۆل یان شەکرەیان زیاتر بێت.

دوو جۆری بەرزبوونەوەی فشاری خوێن هەیە بە شێوەیەکی زۆر لە کاتی دووگیانبووندا ژنان دووچاری دەبن.

لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی پێشووتر لەسەر ڕەوشی تەندروستی ژنان لە کاتی دووگیانبووندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەهۆی ئەو بەرزی فشاری خوێنەوە مەترسییەکانی جەڵدەی میشک و دڵ لە داهاتوودا زیاتر دەبێت لەسەر ژیانیان، بەڵام لێکۆڵینەوەکەی ئێستا دەڵێت ڕەنگە هەر لەو کاتەشدا ژنەکە ئەو مەترسیانەی هەبێت.

بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە لێکۆلەرەوان زانیارییەکانی نزیکەی 59 هەزار ژنیان کۆکردۆتەوە کە بۆ یەکەم جار لە نێوان ساڵەکانی 1964 بۆ 2008 منداڵیان بووە و ئەوانەی تەمەنیان لە دەوروبەری 27 ساڵیدا بووە. بە کۆی گشتی لەسەدا 2 و لە دەیا 9 یان دووچاری فشاری خوێنی جۆری جەستێشنەڵ بوون و لە سەدا 6 و لە دەیا سێ دووچاری فشاری خوێن جۆری پریئیکلامپسیا بوون کە سەختترە لە کاتی دووگیانبووندا.

بە بەراورد لەگەڵ ئەو ژنانەی کە فشاری خوێنیان لە کاتی دووگیانیدا ئاسایی بووە، ئەو ژنانەی فشاری خوێنیان بەرزە نزیکەی سێ هێندی ئەوان مەترسی ئەوەیان زیاترە لە داهاتوودا دووچاری نەخۆشی فشاری خوێن بۆ هەمیشەیی ببن.

بەرزبوونەویە فشاری خوێنی کاتی هەروەها لە سەدا 65 زیاتر مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشی شەکرەو لە سەدا 36 مەترسی بەرزی کۆلەسترۆل لە نێو ژناندا زیاد دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەرزی فشاری خوێن جۆری پریئیکلامپسیا لە سەدا 75 مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە نێو ژناندا زیاتر دەکات.

بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکە جێنەفەر ستیوارت لە بەشی تەندروستی زانکۆی هارڤەرد و لە نەخۆشخانەی ژنانی بۆستن دەڵێت " زۆر گرنگە بۆ ژنان کە پزشکەکانیان لە پریئیکلامپسیا یان بەرزبوونەوەی فشاری خوێنی کاتیان ئاگادار بکەنەوە، چونکە ئەوان لە مەترسی دووچاربوون بە نەخۆشیەکانی دڵ هەیە."

ستیوارت گوتیشی " ئەمە گرنگە چونکە زۆر جار پزشکان بۆ کەسانی بەساڵاچوو هەندێک تاقیکردنەوە دەکەن. بەڵام چونکە ئەو ژنانە مەترسی ئەو نەخۆشیانەیان لەسەر پێویستە زووتر ئەو تاقیکردنەوانەیان بۆ بکرێت."

شارەزایان دەشڵێن ژنانی کە فشاری خوێنیان لە کاتی دووگیانبووندا بەرزە زۆربەی جار لە ماوەی ساڵێک پاش منداڵبوونیان دووچاری بەرزی فشاری خوێن بۆ هەمیشەیی و نەخۆشی شەکرە یان کۆلیسترۆل دەبن.

مەترسیەکانی تری نەخۆشی دڵ یان جەڵدەی دڵ و مێشک پەیوەندی بە قەڵەوی، جگەرەکێشان و بۆماوەوە هەیە. هەرچەندە پزشکان دەڵێن ئەم فاکتەرانە پەیوەندی نییە بە دروستبوونی بەرزی فشاری خوێن یان پریئیکلامپسیا لە کاتی دووگیانبووندا.

شارەزایان هەر بەردەوامن لەسەر لێکۆلینەوەکانیان بۆ ئەوەی بزانن چ شتێکە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەو جۆرە نەخۆشیانە لە کاتی دووگیانبووندا.

XS
SM
MD
LG