Accessibility links

خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە ئێران توندوتیژی لێدەکەوێتەوە


پێکدادان و تەقەکردن دەستی پێکرد لە کاتێکدا هێزەکانی ئاسایشی ئێرانی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕووبەڕووی ئەو خۆپیشاندەرانە بوونەوە کە لە باشوری وڵاتەکە ناڕەزاییان بەرامبەر کەمبوونی ئاو دەردەبڕی. کاربەدەستان دەڵێن بەهۆی ئەو توندوتیژیانە بەلایەنی کەم 11 کەس کوژراون کە زۆربەیان پۆلیسن.

خۆپیشاندانەکانی کە لە نزیک خورەمشەهر ڕوویاندا لە کاتێکدا بوون کە دانیشتوانی ئەو شارە زۆرینە عەرەبەی نزیک سنوری عێراق گازندە دەکەن لەوەی ئاوی بەلوعەکانیان سوێر و پیسە و ئاوی خواردنەوەیان کەمە.

ئەم نائارامییەی ئەو ناوچەیە بەشێکە لە ناڕەزاییەکی فراوانتر لە سەرانسەری ئێران لە سەر قەیرانی ئابوری پاش ئەوەی سەرۆک ترامپ بڕیاری کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناوکی ئریان دا.

ڕۆژی هەینی خۆپیشاندان لە خورەمشەهر، ئابادان و شارەکانی تری ئوستانی خوزستانی دەوڵەمەند بەنەوتی ئێران ڕوویاندا. لە سەرەتاوە خۆپیشاندانەکان بە ئاشتیانە بوون لە کاتێکدا خۆپیشاندەران دروشمەکانیان بە هەردوو زمانی فارسی و عەرەبی دەگوتەوە.

بەڵام درەنگانێکی شەوی شەممە و سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە خۆپیشاندەران دەستیان کرد بە بەرد گرتنە هێزەکانی ئاسایش لە خورەمشەهر. تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران وێنەی بەرد و شوشە شکاوەکانی بڵاو کردۆتەوە کە لە کەنارڕێگاکاندا بڵاو بوونەتەوە.


XS
SM
MD
LG