Accessibility links

خۆپیشاندان لە دژی خراپی باری ئابوری لە ئێران


خۆپیشاندەرانی کە بەهۆی خراپی ئابوری ئێڕانەوە توڕەن ڕۆژی دووشەممە لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە ڕووبەڕووی پۆلیس بوونەوە. بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاو بوونەتەوە هێزەکانی ئاسایش گازی فرمێسکڕژێنیان دژ بە خۆپیشاندەران بەکارهێناوە. ئەمەش یەکەم ڕوبەڕوبوونەوەی لەم جۆرەیە لەوەتای خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەم ساڵ لە وڵاتەکەدا.

ئەم خۆپیشاندانەی کە پلانی بۆ دانەنرابوو ڕۆژێک پاش ئەوە دێت کە بەهۆی ناڕەزایەتی خۆپیشاندەرانەوە دوو بازاری سەرەکی ئیلیکترۆنیک لە تاران داخران و هەروەها خۆپیشاندانێکی تریش بوو بەهۆی داخستنی بازاری گەورەی تاران.

ئەم ڕووداوانەش ئاماژەن بە کاریگەرییەکانی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە سەودا ناوکییەکەی ئێران.

هەتا ئێستا روون نییە کێن ئەوانەی ڕێبەرایەتی ئەم خۆپیشاندانانە دەکەن. ئاژانسی نیمچە فەرمی فارس، ئیسنا و تەسنیم خۆپیشاندانەکانی بازاری گەورەیان وەکو تەقینەوەیەک پاش دابەزینی ڕیالی ئێڕان بەرامبر دۆلار لەقەڵەم دا. ئەم دابەزینی دروای ئێرانەیە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی حکومەت هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ کۆنترۆل کردنی.

XS
SM
MD
LG