Accessibility links

هیندستان و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر پێنج ژن


کاربەدەستانی هیندستان دەڵین پێنج خانمی کارگوزاری خێرخوایی ڕفێندراون و بە زەبری چەک لەلایەن ژمارەیەک پیاوەوە دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر لە ناوچەیەکی دوورە دەستی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی جارکاند.

ژنەکان بە پۆلیسیان وتووە لە کاتێکدا خەریکی نومایشتێک بوون بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگاهی لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کاتێک هێرشبەرەکان نومایشتەکەیان تێکدا و ئەوجا ڕفاندبوونیان.

ئەفسەرێکی پۆلیس دەڵێت ئەو پێنج ژنە کاریان لەگەڵ ڕێکخراوی "ئاشاکیرەن" دەکرد کە ڕێکخراوێکی نا حکومیە و دەستەیەکی ئاینی کریستیانەکان پشتیوانی دەکات.

پۆلیس دەڵێت گومانیان هەیە لایەنگرانی پاتالگادی ئەو کارەیان کردبێت لەسەر ئەو بنچینەیەی پاتالگادییەکان ئارەزوویان بە خەڵکی بیانی نایەت و ڕێگەشیان نادەن بچنە ناوچەکانیان یانیش لێی نیشتەجێبن.

سەرنجی جیهان لە پاش ڕووداوەکەی ساڵی 2012 کەوتە سەر دۆسێی سێکسی زۆرەملێیی لە هیندستان واتە ئەو ساڵەی بە زەبری چەک دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر ژنێک لە پاسێکدا لە شاری نیودەلهی و دواتریش ژنەکە کوژرا.

ئەو ڕووداوە شەپۆلێکی توندی ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە ساڵی 2016 دا، نزیکەی 40 هەزار دۆسێی دەستدرێژیکردنی سێکسی لە هیندستان تۆمارکراوە و سەرچاوەکان دەڵێن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2012 دا ئەم دەستدرێژیانە بە ڕێژەی لە سەدا شەست زیادی کردووە و دەشڵێن لەسەدا چلی ئەو ڕێژەیەش دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانە.

XS
SM
MD
LG