Accessibility links

کرێملن: ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی نێوان ترامپ و کیم دەیسەلمێنێت پوتن ڕاست بووە


وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ
وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ

کرێملن وتی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون دەریدەخات کە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بەدڵنیاییەوە ڕاست بوو سەبارەت بەوەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ تاکە ڕێگەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ پیۆنگیانگدا.

وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەو کۆبوونەوەیەی کە ڕۆژی سێشەممە لە سینگافور بەڕێوەچوو یارمەتیدەر بوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا.

بەڵام ئاماژەشی بەوەدا هەڵە دەبێت ئەگەر پێشبینی ئەوە بکرێت هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە بەرنامە موشەکی و ناوەکییەکەی کۆریای باکوورەوە لە ماوەی یەک کاتژمێردا چارەسەر دەکرێت.

وتیشی " هێشتا دەبێت شیکاری ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە بکەین، بەڵام هیچ شتێکی دیکە ناتوانین بکەین بێجگە لە پێشوازیکردن لەوەی کە بەڕاستی ڕوویداوە. ئەم جۆرە کۆبوونەوانە یارمەتیدەر دەبن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دوورمان دەخاتەوە لە قۆناغێکی خراپ کە چەند مانگێک لەمەوپێش گەیشتین بەو قۆناغە."

جێی ئاماژەیە ڕوسیا و چین ماوەیەکی زۆرە داوا دەکەن پەیڕەویی پلانێکی هاوبەش بکرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی پەیوەست بە پیۆنگیانگ و بەرنامە موشەکییە باڵیستیکیەکەی لەبەرامبەردا ئەمەریکا و کۆریای باشوور واز لە مانۆڕە سەربازییە گەورەکان بهێنن.

پێسکۆڤ وتی کۆبوونەوەکە دەریخست پوتن لە سەرەتاوە ڕاستی دەکرد.

وتیشی پوتن ڕۆژی پێنجشەممە چاوی بە کیم یۆنگ نامی بەرپرسی باڵای ئەنجومەنی گەلی کۆریای باکوور " پەرلەمان" دەکەوێت لە مۆسکۆ.

پێسکۆڤ وتی " لە ڕەوشێکی ئاڵۆزی وەکو ئەمەدا هەڵە دەبێت ئەگەر هیوامان وابێت لە ماوەی یەک کاتژمێردا کێشەکان چارەسەر دەبن."

وتیشی " بەڵام ڕاستییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پوتن ڕاست بووە. تاکە ڕێگەیەک لەبەردەستدا بێت گفتوگۆی ڕاستەوخۆیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG