Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەیەک لە ئەفغانستان دەیان کەس دەبنە قوربانی


هێرشێکی خۆکوژی لە نزیک بنکەیەکی لەشکری لە باشوری ئەفغانستان ڕوویداوە و لەئاکامدا بەلایەنی کەم 8 سەرباز کوژراون و دەیان کەسی تریش بریندار بوون.

گوتەبێژێکی حکومەتی هەرێمی لە دەمی پشتڕاستکردنەوەی ئەو تەقینەوەیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هێرشەکەی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە ناوچەی نادعەلی هەرێمی هێڵماند ڕوویداوە.

تالیبان بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی گرتۆتە ئەستۆ. گوتەبێژێکی ئەو کۆمەڵە یاخیبووە دەڵێت ئەو تەقینەوە گەورەیە زیاتر لە 100 کارمەندی ئاسایشی ئەفغای کوشتووە و بریندار کردووە، هەرچەندە زۆربەی جار تالیبان لە ئامارەکاندا زۆر زیادەڕەوی دەکەن.

هەرێمی هێڵماند ناوچەیەکە کە زۆرترین بەرهەمی ئەفیونی هەیە و زۆربەی ناوچەکانیشی لەلایەن تالیبانەوە کۆنترۆڵ کراوە یان تالیبان بوونی هەیە لەوێ.

کاربەدەستانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند هێرشە کوشندەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە ناوچەیەک بووە کە هێزەکانی حکومەت بەمدواییانە لە دەستی یاخیبوان ئازادیان کردبوو.

XS
SM
MD
LG