Accessibility links

كورد له‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین نه‌بووه‌ خاوه‌نى كورسى په‌رله‌مانى


پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین تاكه‌ پارێزگاى ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ر بوو ، كه‌ هێزه‌ كوردیه‌كان نه‌یانتوانى هیچ كورسیه‌كى په‌رله‌مانى عێراقى تێدا به‌ده‌ست بهێنن، له‌كاتێكدا كوردانى قه‌زاى خورماتوى ئه‌و پارێزگایه‌، زه‌ره‌رمه‌ندترین توێژن له‌ڕووداوه‌كانى 16 ئۆكتۆبه‌ر و سه‌رجه‌میان ئاواره‌بوون.

شه‌لال عه‌بدول قه‌یامقامى له‌كارخراوى قه‌زاى خورماتو، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى ڕاگه‌یاند"كورد له‌ سه‌ڵاحه‌دین یه‌كده‌نگ نه‌بوو، كاندیدى زۆربوو، بۆیه‌ ده‌نگه‌كانى په‌رته‌وازه‌ بوو، نه‌بووه‌ خاوه‌نى هیچ كورسیه‌ك."

به‌برواى قایمقامى خورماتو، كه‌ خۆى كاندیدى یه‌كێتى بووه‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق، گه‌ر كورده‌كانى خورماتو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كاندیدێكیان ده‌ربچووبایه‌، ئه‌وا ده‌یانتوانى كێشه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ په‌رله‌مانى عێراق.

زۆرترین كێشه‌كانى كورد له‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین له‌گه‌ڵ توركمانى شیعه‌ بووه‌، كه‌ كورد39 هه‌زار ده‌نگده‌رى هه‌یه‌ و 37% ى دانیشتوانى خورماتو پێكده‌هێنێت، له‌ كاتێكدا توركمانیش 34%ى دانیشتوانى قه‌زاكه‌یه‌.

ده‌رنه‌چوونى هیچ كاندیدێكى كورد له‌كاتێكدایه‌ توركمانه‌كان له‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، دوو كاندیدیان له‌سه‌ر لیسته‌ عێراقیه‌كان ده‌رچوون .

محه‌مه‌د فایه‌ق به‌رپرسى قایمقامیه‌تى خورماتو، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد فره‌ لیستى ده‌نگه‌كانى كوردى له‌خورماتو په‌رته‌وازه‌ كردووه‌، وتى"شتێكى سه‌رسوڕهێنه‌ریش روویدا، ده‌نگى ئاواره‌كانى خورماتو له‌بنكه‌یه‌كى كه‌لار به‌هه‌ڵه‌ ره‌وانه‌ى پارێزگاى به‌سره‌ كراوه‌، له‌وێ ده‌نگه‌كان سوتێنراون."

شه‌لال عه‌بدولى قایمقامى له‌كارخراوى خورماتو، كه‌ ده‌نگى پێویستى بۆ گه‌یشتن به‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، له‌ ئێستادا چاوه‌روانى بریارى دادگاى عێراقه‌ بۆ یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ى، كه‌ توركمانى شیعه‌ رێگرن له‌ گه‌رانه‌وه‌ى.

له‌وباره‌یه‌وه‌ شه‌لال عه‌بدول، وتى"توركمانه‌كان بریارى گه‌رانه‌وه‌میان بۆ پۆستى قایمقامى خورماتو ته‌میز كردۆته‌وه‌، چاوه‌روانى بریارى دادگام كه‌ بریاره‌ له‌ رۆژانى داهاتودا ده‌ربچێت."

قه‌زاى خورماتوى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، له‌رابردوودا زۆرترین شه‌ڕ و كێشمه‌كێشى له‌نێوان كورد و توركمانى شیعه‌دا تێیدا روویداوه‌، كه‌ تائێستا شوێنه‌وارى ئاڵۆزى به‌سه‌ر قه‌زاكه‌وه‌ ماوه‌.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:30 0:00


XS
SM
MD
LG