Accessibility links

ئێران دەڵێت پشتیوانی ئەوروپا بۆ سەودا ناوکییەکە بەپێی پێویست نییە


ڕۆژی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران بە بەرپرسی وزەی یەکێتی ئەورپای گوت، پاش کشانەوەی ئەمەریکا لە سەودا ناوکییە نێونەتەوەییەکەی ساڵی 2015 ، یەکێتی ئەوروپا بە پێی پێویست کارناکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئێران IRNA ڕایگەیاند، محەمەد جەواد زەریف بە میگێل ئاریاس سانیەتێی لە تاران گوتووە " بە کشانەوەی ئەمەریکا چاوەڕوانییە گشتییەکانی ئێران لە یەکێتی ئەوروپا زیادی کردووە بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی ڕێککەوتنەکە بمێنێتەوە، و پشتیوانی ئێستای سیاسەتی ئەوروپا بۆ ڕێککەوتنەکە لە ئاستی پێویستەدا نییە."

لەو کاتەوەی لە هەشتی مانگی 5 سەرۆک دانۆڵد ترامپ کشانەوەی ئەمەریکای لەو ڕێککەوتنە ڕاگەیاند، ڕێبەرانی ئەوروپا پەیمانیان دا هەوڵ بدەن بازرگانی نەوت و وەگەڕخستن لەگەڵ ئێران بهێڵنەوە بەڵام ئاماژە بەوە دەکەن ئەمەش سانا نییە.

ئاریاس سانیەتێ پاش دوو ڕۆژی کۆبونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی لە تاران بە ڕۆژنامەوانانی ڕۆژئاوای ڕاگەیاند " ئێمە دەبێت ئەم ڕێککەوتنە بپارێزین بۆ ئەوەی وتووێژ لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ نەکەین." ئەو گوتیشی " پەیامی ئێمە زۆر ڕوونە. ئەمە ڕێککەوتنێکی ناوکییە کە کاری خۆی دەکات."

بە پێی ئەو ڕێککەوتنە تاران ڕازی بوو بە کەمکردنەوەی کاری ناوکی لە بری لابردنی زۆربەی سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەری.

لە کاتێکدا هەڕەشەی سزای نوێ لە سەر ئێران هەیە، ژمارەیەک لە کۆمپانیا بیانییەکان دەستیان کردووە بە ئاماژەدانی ئەوەی کە خواستی کشانەوەی کارەکانیان لە ئێران هەیە.

زەریف گوتیشی " ڕاگەیاندنی شیانی کشانەوەی چەند کۆمپانیایەکی سەرەکی ئەوروپا لە ئێڕان لەگەڵ بەڵێنەکانی یەکێتی ئەوروپادا ناگونجێت."

XS
SM
MD
LG