Accessibility links

موقتەدا ئەلسەدر هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێک دەدات لە ژێر کاریگەری ئێران نەبێت


کەسایەتی ناوداری شیعە ئاینزاکانی عێراق موقتەدا ئەلسەدر، کە لایەنەکەی دەنگی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی عێراقی بەدەست هێناوە، دەڵێت دەخوازێت حکومەتێک پێکبهێنیت کە عێراق لە پێش هەموو شتێک دابنێت.

کۆمسیۆنی هەڵژاردنەکان سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئەو لایەنە چەکدارەی بوون بە لایەنێکی جەماوەری، کە لەمێژە بە ئاشکرا قسەی دژ بە دەستێوەردانی ئێران و ئەمەریکاش دەکرد لە کاروباری عێراقدا، نەیارەکانی شکستپێداوە.

سەدر، کە ڕێبەرایەتی یاخیبوانی دژ بە هێزەکانی ئەمەریکای دەکرد پاش داگیرکردنەکەی ساڵی 2003، خۆی کاندید نەبوو لە هەڵژباردنەکاندا و چاوەڕوانیش ناکرێت ببێت بە سەرۆک وەزیر، بەڵام لایەنەکەی ژمارەیەک کورسی بەرچاوی پەرلەمانی بەدستهێناوە و لە ئێستاوە دەستی کردووە بە وتووێژی نافەرمی لەسەر پێکهێنانی حکومەت.

سەڵاح ئەلعوبەیدی، گوتەبێژی کوتلەی سیاسی سائیرونی سەربە سەدر، بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێسی گوتووە، سەروەری خاکی عێراق پرسنیپ و ڕێنمایی حکومەتی نوێ دەبێت.

ئەو گوتیشی، ئێمە هۆشداری دژی هەر دەستێوەردانێکی وڵاتی تر دەدەین لە کاروباری سیاسی عێراقدا.

هەرچەندە تەنانەت ئەگەر سەدریش بڕیار بدات لەسەر دەستنیشان کردنی سەرۆک وەزیرێک و دانانی ئەجێندای سیاسی بۆ چوارساڵی داهاتوو، بژارەکانی لەلایەن ئێرانەوە سنوردار دەبێت.

ئێرانی دەسەڵاتی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە سیاسەتمەدارە هەرە بەهێزەکانی عێراقەوە، و هەوڵ دەدات وەکو کوتلەیەک کۆیان بکاتەوە بۆ لاوازکردنی سەدر.

بەهێزبوونی ئەلسەدر هەڕەشە دەخاتە سەر ئێران کە بتوانێت لە بری شیعەکانی عێراق کە زۆرینەن بڕیار بدات، ئەمەش دەبێتە پێشینەیەک بۆ سەربەخۆبوونی بزوتنەوەی شیعەکان لە شوێنەکانی تر.

XS
SM
MD
LG