Accessibility links

هێزەکانی حکومەتی سوریا چوار گوند لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات کۆنترۆڵ دەکەن


ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی سوریا دەڵێت هێزەکانی حکومەت چوار گوندیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە پارێزگای دێرئەلزور کۆنترۆڵ کردووە.

ئاژانسی دەنگوباسی SANA دەڵێت ئەو گوندانە لە ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات بوون کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێ دەکات و گوتیشی ئەوان نزیکن لە شاری دێرئەلزوریش کە پایتەختی پارێزگاکەیە.

بەزاندنی کەناری ڕۆژهەڵاتی فورات لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە شتێکی دەگمەن بوو.

زۆربەی پارێزگای دێرئەلزور لە ژێر کۆنترۆڵی داعش بوو بەڵام لە ماوەی ساڵی ڕابوردوودا هێزەکانی حکومەتی سوریا زۆربەی ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوای فوراتیان کۆنترۆڵ کردەوە لە کاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکراتیش ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکەیان کۆنترۆڵ کرد.

لە7 ی مانگی 2 هێزەکانی سەر بە حکومەت هێرشیان کردە سەر بنکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕۆژهەڵاتی ئەو ڕوبارە و ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی توندی ئەمەریکا بوونەوە کە لەو هێرشی بەرپەرچدانەوەیەدا دەیان کەس کوژران لەناویاندا چەند ڕوسیاییەکیش.

XS
SM
MD
LG