Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەنگی دەخاتە سەر سزاکانی دژ بە ئێران و کێشەی وڵاتانی کەنداو


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپەیۆ لە یەکەم گەشتیدا وەکو دیپلۆماتی باڵای ئەمەریکا بۆ دەرەوەی وڵات سەنگی دەخاتە سەر کردارێکی تۆکمەی نێونەتەوەیی بۆ سزادانی ئێران لەسەر پرۆگرامی موشەکی. ئەو داواش لە عەرەبستانی سعودیە و دراوسێکانی دەکات کێشەکانیان لەگەڵ قەتەر چارەسەر بکەن کە کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن بۆتە هۆی ئەوی زیادبوونی کاریگەرییەکانی ئێران لە ناوچەکە لە ناویاندا لە یەمەن و سوریاش.

پەمپەیۆ ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ شا سەلمانی سعودیەدا کۆبۆوە کە وڵاتەکەی لەگەڵ بەحرەین و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب لە ناکۆکیدان لەگەڵ قەتەردا ئەمەش بۆتە هۆی شێواندنی یەکگرتووی وڵاتانی کەنداوی عەرەب و جێگای نیگەرانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە دەخوازێت ڕێگەری بکات لە کاریگەری ئێران لە هەرێمەکەدا.

سەرۆکی پێشوی سی ئای ئەی سەرلەبەیانی یەکشەممە گەیشتە ڕیاز ماوەیەکی کورت پاش ئەوەی سەرهەڵداوە حوسیەکانی یەمەن چەند موشەکێکیان گرتە شاری جیزانی باشوری عەرەبستانی سعودیە کە بوو بەهۆی کوشتنی کەسێک.

کاربەدەستە باڵاکانی ئەمەریکا کە لەگەڵ پەمپەیۆدا لەم گەشتەن ئێران تاوانبار دەکەن بەوەی بە قاچاخ چەکەکان دەنێرێتە ناو یەمەنەوە. گوتیشیان ئەو ڕووداوە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بۆ دژی کارە تێکدەرانەکانی ئێران لە هەرێمەکە زیاد دەکات. ئێران پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن دەکات و هاوکاری سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد دەکات.

ئەو کاربەدەستانەی کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بێت گوتیشیان پرۆگرامی موشەکی مەودا درێژ و مەودا مام ناوەندی ئێران دەبێت لەناو ببرێت وەکو بەشێک لە هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی ڕێککەوتنی ناوکی ئێران کە سەرۆک دانۆڵد ترامپ هەڕەشەی کشانەوەی ئەمەریکا لەو ڕێککەوتنەدا دەکات.

کاربەدەستان دەڵێن پەمپەیۆ داوا لە وڵاتانی تریش دەکات سزایەکی توندتر بخەنە سەر کەسایەتی، کاردارییەکان و ئاژانەسەکانی کە پەیوەندیان بە دروستکردنی موشەکەوە هەیە.

XS
SM
MD
LG