Accessibility links

بەریتانیا دەڵێت لەم کاتەدا پلانی هێرشی زیاتر بۆ سەر سوریا نییە


وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند زلهێزانی جیهان هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ هێرشی موشەکی زیاتر بۆ سەر سوریا بەڵام تاوتوێی بژارەکانیان دەکەن ئەگەر دیمەشق جارێکی تر چەکی کیمیایی بەکاربهێنێتەوە. ئەم وتانەش هاوکات بوون لەگەڵ زیادبوونی مشتومڕەکان سەبارەت بەوەی ئەو هێرشە چەندێک یاسایی بوو و کاریگەرییەکانی چی بوون.

ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیا هێرشی موشەکیان کردە سەر سوریا لە تۆڵەی ئەو هێرشە کیمیاییەی کە گومان دەکرێت ئەسەد دژ بە خەڵکی سڤیل لە دۆما ئەنجامی دابێت. ئەم سێ وڵاتە زلهێزەی جیهان سوربوون لەسەر ئەوەی مەبەستی هێرشەکەیان ڕوخانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد یان دەستێوەردان لە شەڕی ناوخۆی حەوت ساڵەی ئەو وڵاتە نەبووە.

هێرشەکان لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە وەکو سەرکەوتنێک ناودێر کرا بەڵام لەلایەن دیمەشق و هاوپەیمانەکانی وەکو کارێکی تێکدەرانە ناودێر کراو و بە گەورەترین دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دژ بە ئەسەد و ڕوسیای هاوپەیمانی لەقەڵەم درا. لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سەرگێ لاڤرۆڤ گوتی " نایاساین و جێگای قبوڵ کردن نییە".

لە دیمەشقیش جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەل میقداد لەگەڵ پشکێنەرانی ڕێکخراوی چاودێری چەکی کیمیایی جیهانی ناسراو بە OPCW، بۆ سێ کاتژمێر بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی ڕوسیا و کاربەدەستانی باڵای ئاسایشی سوریا کۆبۆوە.

پشکێنەرەکان بڕیار بوو سەردانی ئەو ناوچەیە بکەن کە گومان دەکرێت چەکی کیمیایی لێ بەکارهێندراوە. مۆسکۆ ڕەخنەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت بۆ ئەوەی کە چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان نەکرد بەر لەوەی هێرش بکەن.

فەیسەڵ میقدادیش لە کاتێکدا شوێنی کۆبونەوەکەی بەجێدەهێشت ئامادە نەبوو بۆ پەیامنێران قسە بکات.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆریس جۆنسن بەرگری کرد لە بڕیارەکەی سەرۆک وەزیر تەریسا مەی بۆ بەشداری کردن لەو هێرشە و گوتی ئەمە بەربەستێک بو دژ بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی زیاتر.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ، جۆنسن گوتی ئەمە پەیوەندی بە گۆڕانی ڕژێم و دەستێوەردانی شەڕی سوریا نییە.

XS
SM
MD
LG