Accessibility links

شیانی کوژرانی دەیان کەس بە هێرشی کیمایی لە دۆما


چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و تیمەکانی بەهاناچوون ڕۆژی یەکشەممە ڕایان گەیاند هێرشە ژەهراویەکەی کە کراوەتە سەر شارۆچکەیەکی ژێر دەسەڵاتی سەرهەڵداوان لە نزیک پایتەخت، بەلایەنی کەم 40 کەسی کوشتووە. ئەم تۆمەتە لەلایەن حکومەتی سوریاوە ڕەت کراوەتەوە.

ئەو هێرشەی گوایە شەوی شەممە کراوەتە سەر شارۆچکەی دۆما هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریا پاش تێکچوونی ئاگربەستێک.

هەتا ئێستا ڕاپۆرتەکان لەلایەن لایەنێکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە ڕوسیا کردووە دەستبەجێ کۆتایی بهێنێت بە پشتیوانی کردنی لە حکومەتی سوریا و لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا کار بکات بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی کیمیایی دڕندانەی زیاتر.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێدەر ناورێت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نزیکەوە دەڕوانێتە ڕاپۆرتەکانی 7 ی مانگی 4 و لەسەر هێرشێکی کیمایی تر لە سوریا کە ئەمجارە نەخۆشخانەیەکی دۆما کراوە بە ئامانج.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە " ڕوسیا بە پشتیوانییە بەردەوامەکانی لە ڕژێمەکە، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی لادان لە بەرپرسیارێتێکان بەرامبەر بەم جۆرە هێرشە دڕندانانە، کردنی بێشومار کەسی سیڤیل بە ئامانج و خنکاندنی کۆمەڵگە هەرە لاوازەکانی سوریا بە چەکی کیمیایی.

ئاژانسی دەنگوباسی ئینتەرفاکس ڕۆژی یەکشەممە لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕوسیاوە ڕایگەیاند ڕوسیا ئەو ڕاپۆرتانە لەسەر هێرشی کیمیایی لە دۆمای سوریا ڕەتدەکاتەوە.

ژەنەڕاڵ یوری یەڤتوشینکۆ بەرپرسی نێوەندی ئاشتی و ئاشتبوونەویە ڕویسا لە سوریا، گوتویەتی " بێگومان ئێمە ئەم زانیاریانە بەدرۆ دەخەینەوە."

هەروەها گوتوشیەتی " لێرەوە ڕادەگەیەنم هەرکاتێک دۆما ئازاد بوو لە ملیتانەکان ئێمە ئامادەین پسپۆڕی ڕوسیایی لە بوارەکانی تیشک، کیمیایی و بەرگری بایلۆژی ڕەوانەی ناوچەکە بکەین بۆ کۆکردنەوەی زانیاری."

.

XS
SM
MD
LG