Accessibility links

تورکیا دەڵێت هێزەکانی تەواوی عەفرینیان کۆنترۆڵ کردووە


پاش نزیکەی دوو مانگ لە هێرشی هێزەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر شاری عەفرین، ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی تورکی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕایگەیاند هێزەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی چوونەتە ناو شاری عەفرینەوە، کۆنترۆڵی شارەکەیان کردوە پاش کشنەوەی هێزەکانی یەپەگە لە ناو شارەکە.

سەرۆکی تورکیا ڕایشیگەیاندووە ئاڵای تورکیا و ئاڵای سەرهەڵداوانی ئۆپزسیۆنی سوریا لە ناوەندی ئەو شارەی کە بە دەستی هێزەکانی یەپەگەوە بوو هەڵدراوە.

کاربەدەستێکی کوردەکان هەدیە یوسف بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتدی ڕاگەیاندووە شەڕڤانانی یەپەگە لە شارەکە هەڵنەهاتوون، بەڵام خەڵکە سیڤیلیەکانیان دەرکردووە کە مابوونەوە لە ترسی کوشتنی بە کۆمەڵ. ئەو گوتی پێکدادان لە ناو شارەکە هەر بەردەوامە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیاش دەڵێت هێزەکان بە پشتیوانی تورکیا دەستیان گرتووە بە سەر نیوەی شارەکەدا لە کاتێکدا شەڕێکی سەخت هێشتا هەر بەردەوامە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت نزیکەی 200 هەزار کەس لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا بەهۆی هێرشێکی سەختی ئاسمانی ناوچەکەیان جێیهێشتووەو چوونەتە ناو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا. تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی سوریاش لە ڕۆژی یەکشەممە ئەو خەڵکانەی نیشان دەدا کە عەفرین جێدەهێڵن. ئەردۆگانیش دەڵێت خەڵکی عفرین پاشان دەگەڕێنەوە.

لە هەمان کاتدا لەشکری تورکیا بە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت هێزەکانی لە ئێستادا بە دوای مینی چیندراو و تەقەمەنیدا دەگەڕێن.

ماڵپەڕە هەواڵیە کوردییەکانیش وێنەی و گرتە ڤیدیۆیی سەرهەڵداوە سوریاییەکان نیشان دەدەن کە چۆن پەیکەری کاوەی ئاسنگەر دەشکێنن.

یەپەگە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکا بوو لە شەڕی دژ بە داعش و ئازاد کردنی ناوچەیەکی زۆری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوری لە دەستی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە. بەڵام ئەردۆگان بە بەردەوامی دەیگوت تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ هەرگیز ڕێگە نادات ڕێڕەوێک لە سنوری وڵاتەکەی بۆ تیرۆرستان بکرێتەوە.

تورکیا هەروەها مەترسی لە دروستبوونی ناوچەیەکی خودموختاری کوردەکان هەیە لە سوریا کە ببێتە هۆی هاندانی کوردی وڵاتەکەی خۆی.

هێزەکانی یەپەگە و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریای دەڵێن ڕۆژی هەینی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر نەخۆشخانەی سەرەکی عەفرین دەیان کەس کوژراون. لەشکری تورکیاش نکوڵی دەکات.

XS
SM
MD
LG