Accessibility links

کاردانەوەی سیناتۆرانی ئەمەریکا لەسەر قسەکانی ڤلادمێر پوتن


یاسادانەرانی ئەمەریکا وتارە هەڕەشەکەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن شەرمەزار دەکەن کە تیایدا ئەو ڕێبەرەی ڕوسیا ڕایگەیاند مۆسکۆ ژمارەیەک چەکی ناوکی ستراتیژی نوێی تاقی کردۆتەوە کە دەتوانێ بگاتە نزیکەی هەمو ئامانجێک لە هەر شوێنێکی جیهان و ناتوانرێت لەلایەن بەرهەڵستانەوە ڕێگەی لێبگیرێت.

لە میانەی وتاری ساڵانەیدا لەسەر ڕەوشی وڵاتەکەی پوتن ڕۆژی پێنجشەممە باسی لە پێشکەوتووی تێکنالۆژیا کرد کە دەشێت جێگایەکی نوێی لە ئاستی جیهانی بۆ لەشکری ڕوسیا دروست بکات و هەروەها گرتە ڤیدیۆیی چەکە نوێیەکانی نیشان دا.

سیناتۆری کۆماری تام تیلیسی نوێنەری کارۆلاینای باکور بە دەنگی ئەمەرکای ڕاگەیاند " من وەکو بکوژێک یان تاوانبارێک دەڕوانمە بەڕێز پوتن. کاتێک شتێک دەڵێن، بە شێوەیەکی گشتی درۆ دەکەن بەڵام دەبێت تۆ بە ڕژدی وەریگریت."

سیناتۆر بن کاردنی نوێنەری مەریلاند و ئەندامی باڵای دیموکراتەکان لە کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی سینات گوتی " ئەو وڵاتانەی کە زۆر پەسنی لەشکرەکەیان دەدەن، هۆکارێک هەیە بۆ ئەوە، لەبەر ئەوەی دەزانن تواناییەکانیان زۆر لەوە کەمترە کە خۆیان دەیڵێن، جا بەڵی ئێمە ڕیز لە تواناییەکانی لەشکری ڕوسیا دەگرین. بێگومان ئەوان چەکی بەرچاوی ناوکییان هەیە بێگومان ئەوان زۆر توندن لە بەکارهێنانی لەشکریاندا و پێم وایە ئەمە نیگەرانی سەرەکی ئێمەیە. مەسەلەکە ئەوە نییە لەشکریان چەندێک بەهێزە مەسەلەکە ئەوەیە چۆن بەکاری دەهێنن."

سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند لەشکری وڵاتەکەی چەند چەکی نوێی ناوکی تاقیکردۆتەوە، لە ناویاندا موشەکێکی جۆری کروس کە گوتی مەوداکەی بێسنورە و دەتوانێت هەمو سیستمی بەرگری موشەک تێپەڕێنێت.

ئەو لە وتارێکیدا لە سەر ڕەوشی وڵات بەر لە هەڵبژاردنەکانی 18 ی مانگی 3 ئەم قسانەی بۆ یاسادانەران کرد. پوتن ئێستا لە سێهەم خولی سەرۆکایەتیدایە و بە شێوەیەکی زۆر چاوەڕوان دەکرێت خولێکی تری شەش ساڵی بباتەوە.

جگە لە موشەکە کروسەکە، پوتن گوتی ڕوسیا مەشەکێکی نوێی بالاستیکی تاقیکردۆتەوە کە مەوداکەی لەوانی پێشووتر درێژترە و توانایی هەڵگرتنی کێشی زیاتری هەیە.

ڕێبەری ڕوسیا گوتیشی ئامانجی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژارییە بە لە سەدا پەنجا لە ماوەی تێرمی داهاتویدا و گوتیشی لە پێناو ڕۆشتن بەرەو پێشکەوتن پێویستی بە تێکنالۆژیای پێشکەوتوو هەیە.

XS
SM
MD
LG